پارێزەر ئەبرو تیمتیک دوای ٢٣٨ رۆژ لە مانگرتن دوێنێ گیانی لە دەستدا، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکیی کرا، پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (OHD) رایانگەیاند، تەرمەکەی تیمتیک سبەی شەممە لە گۆڕستانی گازیی بە خاک دەسپێرن.
پارێزەر ئەبرو تیمتیک، کە بۆ “دادگایەکی دادپەروەرانە” دەستی بە چالاکیی مانگرتن تا مردن کردبوو، دوای ٢٣٨ رۆژ لە چالاکییەکەی دوێنێ ٢٧ی ئابی ٢٠٢٠ گیانی لە دەستدا و تەرمەکەی بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکیی داد لە یەنیبۆسنا کرا.
خزمان و هاوپیشەکانی ئەبرو تیمتیک و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان و چالاکوانان لە پزیشکیی دادن و چاوەڕێ وەرگرتنەوەی تەرمەکەن.
ئەندامانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (OHD) رایانگەیاند، لەسەر وەسیەتی خۆی لە جەمخانەی گازیی مەراسیمێک رێکدەخرێت و سبەی رۆژی شەممە تەرمەکەی لە گۆڕستانی گازیی ئیستەنبول بە خاک دەسپێرن.
راشیانگەیاند، خزمانی تیمتیک نایانەوێت توێکاری بۆ تەرمەکە بکرێت و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی تەرمەکەیان پێنەدرێتەوە، بۆیە لەو کاتەوە تەرمەکە لە پزیشکیی دادە، ئەوانیش چوونەتە بەردەم ئەو دەزگایە.
تۆمەتی تیمتیک بۆ دەستگیرکردنی ئەوە بووە، گوایە ئەندامی پارتێکی قەدەغەیە بەناوی “پارتی ڕزگاریی خەڵکی شۆڕشگێڕ”.
س.ح