ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆی سەردانی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق بڵاوبووەوە، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هەواڵەکەی پستڕاست کردەوە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەمدواییانە سەردانی عێراقی کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ئیلنا، ئیرەج مەسجدی ڕاشیگەیاندووە؛ قائانی لەو سەردانەیدا، لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
مەسجدی وتوویەتی: گفتوگۆکانی قائانی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی لەسەر هاوکارییەکانی دوو وڵات و بەدواداچوون بۆ دۆسیە سیاسیی و ئەمنییەکان بووە، هەروەها هەندێک دۆسیەی ئابورییش گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
مەسجدی ڕاشیگەیاندووە: هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئێران دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆیی عێراق و پارت و لایەنە سیاسییەکانی ناکات، بەڵام ئەمە ئەوانن کە داوادەکەن ئێران ڕاوێژیان پێبدات.
جێگای ئاماژەیە، دوو هەفتە لەمەوبەر دەنگۆی سەردانی قائانی بۆ عێراق بڵاوبووە و ڕاگەیەندرا کە لەو سەدانەدا، فەرماندەی فەیلەقی قودس داوای لە سەرکردەی ملیشیاکانی لە عێراق کردووە، بە شێوەی کاتی خۆیان لە نانەوەی ئاڵۆزیی دوور بگرن، هۆکاری ئەم داواکارییەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە پێویستە بیانوو نەدرێتە ترامپ، تا لە کۆتا ڕۆژەکانی سەرۆکایەتییدا هێرش بکاتە سەر ئێران.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردووش، ڕۆژنامەیەکی لوبنانی ئاشکرایکردبوو، ئیسماعیل قائانی لە سەردانێکدا بۆ لوبنان لەگەڵ حەسەن نەسروڵا کۆبووەتەوە و داوای کردووە کە لەم ماوەیەدا ئیسرائیل نەوروژێنێت.
ب.ک