وەین ماروتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستان لە عێراق وتی، لە دەوروبەری کاتژمێر ٧:٢٠ خوولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ١٠ موشەک بارەگای سەربازی عەین ئەسەدی عێراقیان کردووەتە ئامانج، کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدایە.
وەین مارتۆ لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەشداوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێشڕەوی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەو لە کاتژمێرەکانی دواتردا زانیاری زیاتر بڵاودەکرێتەوە لەوبارەیەوە.
شانەی راگەیاندنەکانی ئاسایشی عێراق رایگەیاندووە، ئەو ڕۆکێتانەی لە بنکەی عەین ئەسەدیانداوە، لە جۆری پلە دوو بوون، هەروەها سەرچاوەکانی پۆلیس ڕایانگەیاندووە، لە دەوروبەری بنکەکە کە دەکەوێتە ڕومادییەوە، بنکەیەکی گەڕۆکی مووشەک هاوێژیان دۆزیوەتەوە، بەڵام سوتێنراوە.
موشەکهاوێژەکەی بنکەی عەین ئەسەدنزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر چوار موشەک بەر بنکەی هێزی ئاسمانی بەلەد لە باکوری بەغدا کەوتن کە سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدایە، ڕۆژی ١٥ی شوباتی ڕابردووش، ١٧ مووشەک لە هەولێر کەوتنە خوارەوە کە زۆربەیان بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتن لە نزیک بنکەی سەربازیی ئەمریکا.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ کام لەو کەسانەیان دەستگیر نەکردووە کە هێرشەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشیا چەکدارە پرۆ-ئێرانییەکان لەو وڵاتە درێژ دەکات.
بنکەکە دەکەوێتە ١٩٣ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغدا، ساڵی ڕابردوو بە هەمانشێوە لەلایەن ئێرانەوە بنکە سەربازییەکە کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەوەش لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ئەنجامیدا.
رۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی گروپەکانی سەر بە ئێران ئەنجامدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی دوو هەفتەی ڕابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بنکە سەربازییەکەی لە فرۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر.
ی. ک