سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندە سەربازییەکەی تورکیا، پەیامی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراقیان دا.
دوێنێ دوای گەیشتنیان بە بەغدا، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی تورک و یەشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک، بەجیا لەگەڵ هەریەک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی کازمی، لە کۆبوونەوەکەدا “بەرژوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا و پتەوکردنی هاوکاریی سەربازیی نێوان عێراق و تورکیا لە چوارچێوەی هاوکاریی گشتیی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە”.
هەروەها، کازمی جەختیکردووتەوە لەسەر پێویستیی کاراکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی، کە لەسەردانەکەی ئەم دواییەی کازمی بۆ ئەنقەرە هاتە ئاراوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەی نێوان شاندەکە و سەرۆک کۆماری عێراق-دا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کراوە و جەخت کراوەتەوە لە “ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خاکەکەی”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک کۆمار، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا “سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، پشتبەستن بە دیالۆگی بونیادنەر بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەهێزکردنی هاریکاریی و هەماهەنگیی هەرێمایەتی”.
دوای ئەو دیدارانە، ئێوارەی دوێنێ، شاندەکە گەیشتە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە.
بڕیارە ئەمڕۆش، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەدا کۆببێتەوە.
ش.ف