تەنها چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ ئەو وادەیەی تشرینییەکان دایانناوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە مەیدانی تەحریری بەغدا. ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند لە دەوروبەری ناوچەی سەوز گیراوەتەبەر و چەکدارانی سەر بە ڕەوتی سەدریش لە بەغدا نمایشی سەربازیی دەکەن.
تشرینییەکان لە سێیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ـدا بڕیاریانداوە سبەینێ کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ لە مەیدانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندان دەستپێبکەنەوە.
هێزێکی زۆری ئەمنیی لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا و ڕێگاکانی چوونەوە سەر ناوچەی سەوز و مەیدانی تەحریر بڵاوەیان پێکراوە. ڕێگای باب شەرجی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر و پردی ڕوبەیعی و چەندین ڕێگای دیکە داخراون.
لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز و لەسەر پردی هەڵواسراویش بەربەستی کۆنکرێتیی دانراون و ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش نادرێت بچێتە ناوچەی سەوز.
وەک چاوەڕوان دەکرا، سەدرییەکانیش هەوڵی قۆستنەوەی خۆپیشاندانەکان دەدەن و دەیانەوێت لایەنگرانیان بخزێننە ناو ناڕەزایەتییەکانەوە. هەندێک لە سەرکردەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی دروستبوونی پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا بڵاودەکەنەوە.
بەپێی هەندێک گرتە ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، چەکدارانی سەر بە ڕەوتی سەدر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدا بە چەکی سووک و مامناوەند و ئاڕپی جی چوونەتە سەر شەقامەکان و نمایشی سەربازیی دەکەن.
تشرینییەکان ساڵی ٢٠١٩ لە مانگی تشرینی یەکەم خۆپیشاندانیان لە مەیدانی تەحریر دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی دەستپێکرد و سەرەنجام عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق و کابینە وزارییەکەیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
خۆپیشاندانی ئەمجارەشیان هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بەتایبەت دوای دوورکەوتنەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی، چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ پەدەکە، یەنەکە، هاوپەیمانیی سەروەریی، بزووتنەوەی بابیلۆن و سەربەخۆمان هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی “ئیدارەی دەوڵەت” ڕاگەیاند.
لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەکە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەنگدان بە هەڵبژاردنی محەمەد شیاع سوودانی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە پێشتر لایەنگرانی سەدر لە کۆتایی مانگی تەمموز خۆپیشاندانیان دژی کاندیدکردنی ئەنجامدا و پێکدادانی چەکداریی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە ٣٤ کەس کوژران و نزیکەی ٧٠٠ کەسیش برینداربوون.
ئەوەی تائێستا ڕوونە، ئەوەیە کە سبەینێ ڕۆژێکی سەخت دەبێت بۆ بەغدا، بەڵام ئەوەی هێشتا دیارنییە ئایندەی خۆپیشاندانەکان و کردنەوەی گرێکوێرەی دانووستانی نێوان لایەنەکانە، کە عێراقی بەرەو توونێلێكی تاریک بردووە.
ب.ل