لە بەردەوامیی سەرهەڵدانی گەلی بەلوچ، خەڵکی شاری زاهدانی ناوەندی پارێزگای بەلوچستان، ڕژانە شەقامەکان.
خەڵکی شاری زاهدان بۆ پشتیوانیی لە سەرهەڵدانی سەراوان، ڕژانە شەقامەکان و پشتیوانیی خۆیان ڕاگەیاند.
لەلایەکی دیکەشەوە، خەڵکی سەراوان بە دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی لەسەر شەقامەکان، ڕێگرییان کرد لەوەی، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان کە بۆ سەرکوتی خەڵک ڕەوانە کرابوون، بچنە ناو شارەكەوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەلوچەکانی پاکستانیش بۆ پشتیوانیی لە بەلوچەکانی ئێران، خۆیان چەکدار کردوە و بە سەدان ئۆتۆمبێلەوە، بەرەو سنوور بەڕێکەوتوون.
ئەوەش لەكاتێكدایە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر کوشتاری کۆڵبەر (سوختبەر)ـانی بەلوچ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتەوە، سەدان هاوڵاتیی بەلوچ لە شاری سەراوان، خۆپیشاندانیان کرد و چوونە ناو بینای قائمقامیەتی شارەكەوە.
دوێنێ هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران لە شاری سەراوانی سەربە پارێزگای بەلوچستان، هێرشیان کردە سەر کۆڵبەرانی بەلوچ و بەپێ ئامارە سەرەتاییەكان، ١٠ كۆڵبەریان کوشتوە و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار کردوە.
ئـ ت