سوبحی توفەیلی سکرتێری پێشووی لوبنان، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ڕەخنەی لە حەسەن نەسروڵا کردووە کە بووەتە دارەدەستی ئێران و دەسەڵاتی ئێرانیشی تاوانبارکردووە بەوەی بووەتە هۆی وێرانبوونی لوبنان و سوریا.
توفەیلی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت: لوبنان کەوتووەتە دەستی دزەکان و خاینەکان، سکرتێری حزبوڵا بانتر لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانیشە و هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانی لوبنانە، بۆیە پێش هەر کەسێک دەبێت نەسروڵا دادگایی بکرێت و دوای ئەویش خامنەیی.
لە بەردەوامی توفەیلی دەڵێت: لە بەعەلبەک بێ فەرمانی ئێران چەک کار ناکات، ئەمە چیتر بەرگری (موقاومە) نییە، لە ساڵێ ٢٠٠٠ـەوە، حزبوڵا وەک گروپێکی گرێدراوی ئێران، چیتر چەکی بەرگری دژی ئیسرائیل هەژمار ناکرێت، بە پێچەوانەوە بووەتە چەکێک لە خزمەتی ئیسرائیل و بووەتە هۆکاری ووێرانبوونی سوریا، عێراق و یەمەن، هەروەها بووەتە چەکێک بۆ وێرانکردنی لوبنان کە بەیروتیشی تەقاندەوە.
توفەیلی جەختی لەوە کردەوە، کە حەسەن نەسروڵا بەکرێگیراوی ئێرانە و وتی: ئەمە کێشەی سەرەکیی ئێمەیە، ئەم کەسە بە ڕەواڵەت لوبنانییە دەسەڵاتی بەسەر وڵاتەکەمانەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا عەلی خامنەیی (ڕێبەری ئایینی ئێران) لەپشتی دایە.
سوبحی توفەیلی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە لەم ساڵانەی دواییدا، بووەتە هۆی لێکترازان و پێکدادانی فیرقەیی و باوەڕی لە نێوان موسلمانان.
ب.ک