وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسكۆ هەماهەنگی دەكەن بۆ گەڕاندنەوەى تەرمی دوو هاوڵاتى عێراقی بۆ زێدى خۆیان، کە بەهۆی سەرماوە لە سنووری بیلاڕوسیا گیانیان لەدەستداوە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە مۆسكۆ کار دەکات بە مەبەستى گەڕاندنەوەى تەرمى دوو هاوڵاتى عێراق لە بیلاڕووسیاوە بۆ زێدى خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە تاوەکو کار ئاسانى بۆ پڕۆسەکە بکەن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو دوو هاوڵاتیە عێراقیە لە سنورەکانى بیلاڕووسیا بەهۆى نزمبونەوەى پلەکانى گەرما گیانیان لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە، بەهۆی تێكچوونی باردۆخی ئەمنی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و هاتنی چەتەكانی داعش، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی عێراقی وڵاتیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشت.
هـ.ئ