لە ئێران، پیرێکی باڵای زەردەشتییەکان پاش گەڕانەوەی لە ئەمریکاوە بۆ پارێزگای کرمان کوژرا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش هۆکارەکەی بۆ کێشەی دارایی دەگەڕێننەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
میدیاکانی ئێران لە زاری دادخودا سالاری داواکاری گشتی پارێزگای کرمانەوە بڵاویانکردەوە، تەرمی ئارش خوسرەوی پیری باڵای زەردەشتییەکان لە شاری ماهانی ناوەڕاستی ئێران لە ٢٥ی ئەم مانگەدا لەگەڵ دوو تەرمی دیکەدا دۆزراوەتەوە.
سالاری هۆکاری کوشتنەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی دارایی لەگەڵ کەسانی دیکە کە بەوتەی خۆی، لەناو ئۆتۆمبێلی یەکێک لە کوژراوەکاندا بڕی ١٠ هەزار دۆلار دۆزراوەتەوە.
بەپێی وتەکانی سالاری، ماوەی ١٠ ساڵە خوسرەوی لەگەڵ خێزانەکەی لە ئەمریکا دەژی و لە کالیفۆرنیا نیشتەجێ بووە، ساڵی ڕابردووش بۆ ئامادەبوون لە ناشتنی تەرمی باوکی گەڕاوەتەوە ئێران بۆ بەشکردنی میراتەکەی، ئەمساڵیش دووبارە گەڕاوەتەوە ئێران و لە ٢٢ی ئەم مانگەوە بێسەروشوێن بووە، دواتر و لە ٢٥ی مانگدا تەرمەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێیی دیکەیدا دۆزراونەتەوە.
لای خۆیەوە ئەسفەندیار ئەختیاری نوێنەری زەردەشتییەکان لە پەرلەمانی ئێران داوای لە پۆلیسی پارێزگای کرمان کردووە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خوسرەوانی بکات.
س.ح