پاش دوو ڕۆژ لە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق و ڕازیی نەبوونی دەسەڵاتدارانی عێراق بە داواکاری و هەڕەشەکانی سەبارەت بە هێرش و لەشکرکێشی لەسەر خاکی عێراق، دوو تەقینەوەی خۆکوژیی لەناو بازاڕێکی قەرەباڵغی بەغدا ڕوویاندا، کە بەهۆیانەوە ١٤٤ کەس بوونە قوربانی.
لەگەڵ ئەو قەیرانە سەختە ئابووریی و سیاسییەی بەرۆکی عێراقی گرتووە، زەنگی تێکچوونی ئاسایش و گەڕانەوەی تەقینەوەکانیش پاش سێ ساڵ لێدرانەوە.
تەقینەوە خۆکوژییەکانی دوێنێی گۆڕەپانی تەیران لە ناوچەی بابی ڕۆژهەڵات، کە ٣٢ کوژراو و ١١٠ برینداریان لێکەوتەوە، زەنگێکی مەترسیداربوو بۆ هەموو عێراق، بەوپێیەی هەموو لایەنەکان لە دوای شەڕی داعشەوە ڕێککەوتوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی تەقینەوە و پشێوییەکان بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت.

جگە لە هەڕەشەی میلیشیا شیعییەکان بۆسەر ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان و هێرشی مووشەکی ناوبەناو بۆ ناوچەی سەوز، ماوەی سێ ساڵە هیچ تەقینەوەیەکی خۆکوژیی بەرۆکی عێراقی نەگرتووە، کە ئەوەش بەڕای چاودێران بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان بەهێزبوونی دەزگا ئەمنییەکان و دووەمیش ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بۆ هەستانەوەی ئابووریی عێراق لە دوای شەڕی نەگریسی داعش.
هەرچەندە داعش تا ئێستاش لە دەوروبەری شارەکان هێرش و پەلاماری بەردەوام دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکان، بەڵام لەناو شارەکاندا بەتایبەت بەغدای پایتەخت، نەیتوانیوە هێرش ئەنجام بدات، بەڵام شەوی ڕابردوو بەرپرسیارێتی خۆی لە هەردوو هێرشەکەی دوێنێی ڕاگەیاند.
لە ماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکی چەندین جار بە بەڵگەوە تۆمەتبار کرا، بە هاوکارییکردنی چەتەکانی داعش و گواستنەوەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆئەوەی لەدژی هێزە کوردییەکان بجەنگن، بەڵام نەتوانرا ئەم دۆسیەیە لە دادگای نێودەوڵەتیی لە دژی بجوڵێندرێت، هەربۆیە دەوڵەتی تورک بەردەوام تۆمەتبار دەکرێت بە پاڵپشتی ژێر بەژێری چەتەکانی داعش.

هێرشەکان لە کاتێکدان کە هێزە ئەمنیەکانی عێراق دۆسیەی ئەمنی بەغدا و شارەکانی دیکەی عیراقیان لە دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا وەرگرتووەتەوە و تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوون لەو ئەرکە، بەڵام بەوتەی دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەم هێرشانە پەیام و ئاماژەن بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و لاوازکردنی بڕیاری سیاسی وڵات.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو شاندێکی باڵای سەربازیی تورکیا بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، کە تیایدا داوای ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی عێراقیان کرد بۆ لەشکرکێشی و هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق بە ئاڕاستەی شەنگال و موسڵ، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو داوایەیان ڕەتکردەوە و شاندەکەی تورکیایان لەوبارەیەوە نائومێد کرد.
سەرچاوەیەکی نزیک لە وتوێژەکانی بەغدا و شاندەکەی تورکیا بە ڕۆژنامەی مەدای ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە لە دوایین ڕۆژی ساڵی ڕابردوودا بەغدای ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر نەتوانێت پەکەکە لەسەر خاکی عێراق دەربکات، ئەوە خۆی بەو کارە هەڵدەستێت و هێرشی بەرفراوان ئەنجام دەدات، هەربۆیە دوا شاندی تورکیا بۆ عێراق بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هۆشدارییانە بووە، هەروەها دوا وادەی بۆ کۆتاییهێنان بە فایلی پەکەکەی تا کۆتایی مانگی شوبات داوە بە عێراق.

هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەدای وتبوو، کە ئەنقەرە بەنیازە بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا هێرشێک لەناو خاکی عێراقدا ئەنجام دەدات، بەڵام بەغدا ئەوە قبوڵ ناکات بەبێ چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق، بەجۆرێک ئێستا تورکیا زیاتر لە ٣٠ خاڵ و بنکەی سەربازیی لەناو خاکی عێراق داناوەو ئامانجەکەی زۆر لە پەکەکە دوورتر و گەورەترە، هەربۆیە نایەوێت بەبێ چوونە دەرەوەی تورکیا لەناو خاکی عێراق، مەلەفی پەکەکە لەگەڵ تورکیا بکاتەوە.
سەردار عەزیز توێژەر و خاوەنی دكتۆرا لە زانستە سیاسیەكان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، تورکیا لەسەر خاکی عێراق بنکەکانی بەناوی بنکەی کاتی دەکاتەوە، بەڵام نیازی ڕۆشتنی نییە و زیاتر بەرەو ناوچەی موسڵ دەچێت، نوخبەی سیاسی عێراق لە نیازی فراوانخوازیی تورکیا تێناگەن و وا دەزانن تەنها بۆ پرسی پەکەکە دێتە ناوچەکە.
بەڕای هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسیی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق و بێ ئومێدبوونی لەوەی عێراق هاوکاریی بکات لە شەڕی دژ بە پەکەکە، بە ناردنی چەند خۆکوژێکی داعش پەیامی بۆ عێراق نارد.
ئومێد حەمە ڕۆژنامەنووس لە بەغدا سەبارەت بە هێرشە خۆکوژییەکان ڕایگەیاندووە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا ھەموو ئەو تەقینەوانەی، کە ئێرانیان پێ تومەتبار دەکرێت خۆکوژیی نەبوون، بە پێچەوانەشەوە تەواوی ئەو تەقینەوانەی لەڕێگای خۆکوژییەوە دەکرێن، باڵی تورکیا و سعودیەیان پێتومەتبار دەکرێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی بەغدا لەم کاتەدا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە تورکیاوە، یەکێکیان پەیوەستە بەو سەردانەی وەزیری بەرگریی تورکیاوە بۆ عێراق، کە بەڕای ئەو هیچی نەچنییەوە و دانیشتنەکانیش بەدڵی تورکیا نەبوون.
دەشڵێت، لە ھەفتەی ڕابردوەوە عێراق پرسی سکاڵاکەی ئەنقەرەی لە دادگای پاریس جوڵاندوەتەوە، کە داوای ٢٦ ملیار دۆلاری لێ دەکات.
دوای تەقینەوە خۆکوژییەکانی دوێنێ، دەوڵەتی تورک ئیدانەی کرد و هاوخەمیی بۆ عێراق دەربڕیی.
ی. ک