شارەزایانی فەرەنسی ئاشکرایانکرد، تەقینەوەکەی سێ شەممەی ڕابردووی بەندەری بەیروت کە بووە هۆی کوشتنی ١٥٩ کەس، بە قوڵایی ٤٣ مەتر شوێنەکەی خۆی قوڵکردووە.
ئەو پسپۆڕە فەرەنسیانە مەزەندەی زیانەکانی تەقینەوەکەی بەیروتیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکەوە، قوڵایی بەندەرەکە ٤٣ مەتر چاڵ بووە و بە درێژایی ١٤ کیلۆمەتریش، زیانی بە دەوروبەری خۆی گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەوژمی تەقینەوەکە هێندە بەهێز بووە، هێزی بومەلەرزەیەکی چوار پلە بە پێوەری ڕێختەر’ی لە وڵاتی قوبرس درووستکردووە.
بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، قەبارەی زیانە مادییەکان خۆی لە ١٥ ملیار دۆلار دەدات، لەگەڵ ئەوەی ١٥٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی شەس هەزار کەسیش بریندارن، پێشبینی بێسەروشوێنبوونی ٥٠٠ کەسی دیکەش دەکرێت وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی دوێنێی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا باسکرابوو.
س.ح