چاودێرێکی سیاسیی پێیوایە، کە عێراق بەهۆی بەرژەوەندیی و پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی لەگەڵ تورکیا دەستبەرداری شکۆی وڵات بووە، دەشڵێت: دەکرێت عێراق لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی هێرشەکانی تورکیا بووەستێتەوە.
ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە هێرشێکی ئاسمانییدا ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنووری عێراقییان لە سنووری بێرمی دیندارانی ناوچەی برادۆست کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ئەفسەری باڵای سوپای عێراق و شۆفێرەکەیان کوژران، لەبارەی هەڵوێستەکانی عێراقیشەوە، حەسەن بارام، چاودێری سیاسیی بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد.
حەسەن بارام پێیوایە، کە “عێراق بەهۆی بەرژەوەندیی و پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی لەگەڵ تورکیا دەستبەرداری شکۆی وڵات بووە” و دەڵێت: عێراق لەڕووی سیاسیی و سەربازییەوە پێگەی خۆی لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە تورکیا بەئاسانیی دەستوەردان و داگیرکاریی بکات.
جەختیشیکردەوە، کە پێویستە عێراق بە پەیوەندییەکانیدابچێتەوە لەگەڵ تورکیا و وتی: بەتایبەت لەڕووی ئابووریی و بازرگانیی و سیاسییەوە، دەکرێت عێراق یاداشتێک ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکاش بکات، چونکە تورکیا بەبەرچاوی ئەوانەوە ئەم پێشێلکارییانە دەکات.
حەسەن بارام گومان دەکات “هەندێک ڕێککەوتنی ژێربەژێر هەبێت لەگەڵ تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە” و دەڵێت: ئەگەر ئەوە ڕاستبێت دەبێت پێش ئەوەی یەخەی تورکیا بگرین، یەخەی ئەوانە بگرین کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیادا کردووە.
ش.ف