خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەیروتییەکان پێینایە ڕۆژی سێیەمەوە، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی حکومەتیش بەردەوامییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووش بۆ ٢٠٠ کەس بەرزبوویەوە.
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و تووڕەیی هاوڵاتیانی بەیروتی پایتەختی لوبنان، ئەمڕۆ وەزیری داد دەستیلەکارکێشایەوە، بەوەش بووە سێیەم وەزیری کابینەی حکومەتەکەی حەسان دیاب لەدوای دەستلەکاركێشانەوەی وەزیری ڕاگەیاندن و دواتریش وەزیری ژینگە و پەرەپێدانی ئیداری ئەو وڵاتە.
لە بەرامبەردا حزبوڵا ڕێگە لە بەردەم دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرەکان دەگرێت، لەو چوارچێوەیەدا لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە، حەسان دیاب سەرۆک وەزیران ژمارەیەک لە وەزیرەکانی پەشیمان کردووەتەوە دەست لەکاربکێشنەوە وحزبوڵاش ژێر بە ژێر سەرقاڵە بە سارکردنەوەی هەڵوێستی وەزیرەکان.
هەر ئەمڕۆ پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی بەندەری بەیروت، بۆ ٢٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، وتیشی تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بیانی لە ژێر دارو پەردووی باڵەخانە و بیناکاندا ماونەتەوە و هێشتا دەرنەهێنراون.
هەر ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەی ژمارەیەک لەهێزە ئەمنیەکان بڵاوکردەوە کە ڕاستەوخۆ تەقە بەناو خۆپیشاندەراندا دەکەن، هەر ئەوەش تووڕەیی خۆپیشاندەرانی زیاتر کردووە.
س.ح