خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئیسرائیل دژی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بەردەوامە و بە هەزاران کەس لە شەقامەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.

لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا، شەوی ڕابردوو هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیل لە شاری قودس (ئورشەلیم) لە بەردەم نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، داوایان کرد بنیامین ناتانیاهۆ دەست لەکار بکێشێتەوە.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە، دژی بنیامین ناتانیاهۆ دروشمیان وتەوە و پانکاردیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو؛ “خولەکەت کۆتاییپێهاتووە”.
خۆپیشاندەران باوەڕیان وایە، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان نەیتوانیوە، ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە و هەلەکانی کار بپارێزێت و ئابوری وڵاتەکەی ڕزگار بکات.
هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل، تۆمەتبارکردنی بنیامین ناتانیاهۆیە بە گەندەڵی کە لە دادگای ئەو وڵاتەش دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.
لە بەرامبەردا ناتانیاهۆ ڕەخنەی لە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی کردووە کە خۆپیشاندانەکان ڕووماڵ دەکەن و هەواڵەکانی دەگوازنەوە، باوەڕیشی وایە کە خۆپیشاندەران زۆرینەیان چەپی ڕادیکاڵن.
هەروەها حزبی محافزکاری لیکود کە ناتانیاهۆ سەرۆکایەتیی دەکات، خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیلی بە؛ “شۆڕشی هێزە چەپەکان” ناوبردووە و تەلەفزیۆنی “کەناڵ ١٢”ی ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە کە خەڵک هاندەدات بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان.
جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ٥ی ئەمساڵ حکومەتی ئیسرائیل بەشێک لە قەدەغەکانی کۆرۆنای هەڵگرت، تا چالاکییە ئابورییەکان ببوژێتەوە، سەرەڕای ئەمە ڕێژەی بێکاری لە ئیسرائیل گەیشتە زیاتر لە ٢١٪ و پێشبینی دەکرێت نرخی گەشەی ئابوری ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٦٪ کەمبکات.
س.ح