دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق مادەیەکى یاساى هەموارى بارى کەسێتى لە هەرێمى کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە به پێی بڕیارەکە هاوسەری دووەم نابێتە پاساوى یاسایی بۆ جیابوونەوەى هاوسەری یەکەم.
دوێنێ دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى ١٨ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە “نادەستووری” زانیوە، لەو مادە هەموارکراوەدا هاتووە: “ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت.”
بەپێی ماددە ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو) كە تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددە ٤٠ی یاسا كۆنە عێراقییەكە ڕاگرتوە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتۆتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات.)
لەمبارەیەوە دادگای باری كەسێتیی هەڵەبجە لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە، لە دادگای باڵای فیدرالیی عێراقەوە تانەی لەم ماددەیە داوە و دادگاكەش دوێنێ چوارشەممە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ كۆبۆتەوە و تێیدا بڕیاری داوە، ماددە ١٨ی یاساكە هەڵبوەشێندرێتەوە.
ش، ئـ