دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەسەر یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان لەسەر یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ٢٥ی ١ی ٢٠٢٢ دواخست، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵای هەردوو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خشان لەسەر یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە.
دانیشتنەکە بەئامادەبونی سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیان دەستیپێکرد و دوای گوێگرتن لە سکاڵاکاران، دادگا بڕیاریدا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە بۆ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ٢٥ی ١ی ٢٠٢٢ دوابخرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سکاڵای ئەو دوو پەرلەمانتارە بڕیاریدا کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە و بەشێوەیەکی کاتی هەڵدەپەسێردرێت.
ئەو دوو پەرلەمانتارەی سکاڵایان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی نوێی عێراق تۆمارکردووە، دەستەی سەرۆکایەتییان تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی دەستووریی و یاسایی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا.
شەوی ٩ی ١ی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان ئەنجامدا، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران مەحمود مەشهەدانی بڕیاری ڕاگرتنی کۆبوونەوەکەیدا، دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە مەشهەدانی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەستیپێکرد، ئەوەش ناڕەزایەتی مەحمود مەشهەدانی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و بە پێشێلکردنی دەستوور و یاسا لەقەڵەمیاندا.
ب.ل