وتەبێژی چەتەکانی داعش لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی ئەبو حەسەن قوڕەشی، خەلیفەی داعشی ڕاگەیاند و باسی لەوەشکردووە، کە ئەبو حسێن حسێنیی قوڕەشی وەک جێگرەوەی دیارییکراوە.
بەپێی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییەی سعودیی، ئەمڕۆ ئەبو عومەر موهاجیر، وتەبێژی چەتەکانی داعش لە تۆمارێکی دەنگییدا لە پێگەی چەتەکانی داعش لە تەلەگرام، کوژرانی ئەبو حەسەن قوڕەیشی، خەلیفەی داعشی ڕاگەیاندووە.
وتەبێژی داعش بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و کاتی کوژرانی بکات، ڕایگەیاندووە، کە خەلیفەکەیان لە شەڕێکدا کوژراوە.
لای خۆیەوە جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “کۆشکی سپی پێشوازی لە هەواڵی کوژرانی ئەبو حەسەن هاشمی قوڕەیشی دەکات”.
لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، دەوڵەتی تورک دەستگیرکردنی خەلیفەی داعشی لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند، بەڵام دواتر داعش هەواڵەکەی ڕەتکردەوە.
ئەبو حەسەن قوڕەیشی مانگی شەباتی ئەمساڵ وەک خەلیفەی داعش دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی، خەلیفەی دووەمی داعش لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا لە سووریا کوژرا.
وتەبێژی چەتەکانی داعش لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئاشکراشیکردووە، کە ئەبو حسێن حسێنیی قوڕەشی وەک جێگرەوەی ئەبو حەسەن قوڕەیشیی دیارییکراوە.
ب.ل