بزوتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیا لە عێراق، هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە شەرمنانە ناودەبات و داواکارە باڵیۆزی ئەنقەرە لە بەغدا دەربکرێت.
عادل کەرعاوی، وتەبێژی بزوتنەوەکە ڕایگەیاندووە، هەر لە سەرەتاوە ئەوان هۆشدارییان لەو هەنگاوە دووژمنکاریانەی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی عێراق داوە، “وتمان ئەم هێرشانە بەرفراوان دەبن، مەگەر بە هەڵوێستێکی ڕوون و جدی حکومەت بەری پێ بگیرێت”.
کەرعاوی ئەوەشی خستووەتەوەڕوو، کە تورکیا چووەتە قوڵایی خاکی کوردستان و کۆنترۆڵی خاک و ئاسمانی کردووە، کەچی بە ئێستاشەوە هەڵوێستی عێراق شەرمنانە و لاوازە.
هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە هەڵوێستی دیبلۆماسیانە لەگەڵ تورکیا بێسوودە، چونکە ئەنقەرە دەزانێت عێراق لاوازە و ناتوانێت پارێزگاریی لە سنوورەکانی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نیەتی تورکیا لە داگیرکردنی پارێزگای نەینەوا دەخاتەڕوو وەک پلانێکی عوسمانی لە ڕێی سوپاوە، ناوی دەبات.
بەوتەی کەرعاوی، “حکومەتی تورکیا هەوڵی دروستکردنی بنکەی سەربازیی گەورە دەدات لە باکوری عێراق، ئەوەش لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کارئاسانیی بۆ کراوە”.
هەروەها، بەتوندی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەتدەکاتەوە و داواکارە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا دەربکرێت و سوپای عێراق بۆ باکوری عێراق بنێردرێت.
ش.ف