ئاژانسی فرانس٢٤ بڵاویکردەوە، دووەم برینداری خۆپیشاندانەکەی دوێنێی مەیدانی تەحریری بەغدا بەهۆی کاریگەری برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەکات دژ بە خۆپیشاندەران.
سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەکی زۆر بریندار لە بریندارانی خۆپیشاندانەکەی مەیدانی تەحریر ڕەواننەی نەخۆشخانە کراون، بەهۆی کاریگەری برینەکانیشیانەوە، ئەمڕۆ دوانیان گیانیانلەدەستداوە.
دوابەدوای خۆپیشاندانەکان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ڕاسپێردراون و ئاگادارکراونەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕووبەڕوویان نەبنەوە، تەنانەت ئەگەر بێزاریشكران بۆیان نییە پەنا ببەنە بەر توندوتیژی، مەگەر لەحاڵەتی ئەوپەڕی پێویست و كوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکاندا نەبێت.
ئەوەش دووەم حاڵەتی کوژرانی خۆپیشاندەرە لە سەردەمی حوکمڕانی مستەفا کازمی، لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیاریدا پەیکەرێک بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو دروستبکرێت کە ژمارەیەک گەیشتە ٥٥٠ کوژرا و ٣٠ هەزار بریندار.
هاوکات هەر ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ناڕەزایی خۆی نیشاندا سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی و کەوتنەوەی قوربانی لە خۆنیشاندانەکەی شەوی ڕابردووی بەغدا.
س.ح