هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی مۆندیالی قەتەرەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، به هۆی ئهوهی یاریزانانی ئهو ههڵبژاردهیه بهرامبهر بە خۆپیشاندهران و داواکارییەکانیان بێهەڵوێست بوون، زۆرینەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەڵبژاردەی حکومەت لە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەیان دەڕوانی، هەربۆیە بە دۆڕاندنی بەرامبەر بە ئەمریکا و دەرکردنی لە مۆندیال خەڵک بۆ ئاهەنگگێڕان ڕژانە شەقام.
شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەمریکا دۆڕاندی و لە یارییەکانی مۆندیال کرایە دەرەوە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە شێوەی جیاجیا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ڕژانە شەقامەکانەوە، بهڵام ئاهەنگگێڕانەکە گۆڕدرا بۆ وتنەوەی دروشم و نیشاندانی توڕەیی و بێزاری بەرامبەر بە دەسەڵات.
ئەم ئاهەنگگێڕانە بۆ دۆڕاندنی هەڵبژاردەی وڵاتێک لەلایەن هاووڵاتیانیەوە لە جیهان و بەتایبەتیش لە ئێران دەگمەنە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بە درێژایی ئەو ماوەیەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکردبوو یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و داواکارییەکانی بێهەڵوێست بوون.
هەر دوێنێ لە چەند ناوچەیەکی ورمێ، سنەی و کرماشان جارێکی تر گەنجان ڕژانەوە شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامەکان و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەوڵەت دەربڕی.
لە شاری مەریوان ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئەو شارە و سەوڵاوا کۆبوونەوە و وێڕای سەرکۆنەکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران پاڵپشتی خۆیان بۆ داواکاری هاووڵاتیان دەربڕی.
لەلایەکی ترەوە لە بەشێک لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتیش خوێندکاران بەردەوامبوون لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕین و لە بەشێک لە زانکۆکان خوێندکاران هۆڵەکانی خوێندیان بایکۆت کرد.
هەر دوێنێ مانگرتنی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو.
لە ١٦ی ئەیلولەوە خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە و بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ٤٤٨ کەس لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون.
هاوكات، بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیش، لە کۆی کوژراوەکان ١١٠ کەسیان کوردن و ١٢٨ کەسیان لە نەتەوەی بەلوچن، واتە زیاتر لە نیوەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەو دوو نەتەوەن.
ڕ.ڕ