بڕیارە سبەینێ داینشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریکردنی جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی موقتەدا سەدر بەڕێوەبچێت، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سبەینێدا جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی سەدر دیاریی دەکرێن، بەڵام بەشێک لە کاندیدانیش ڕەتیدەکەنەوە ئامادەی دانیشتنەکەی سبەینێ ببن.
بڕیارە سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدە جێگرەوەکانی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی ڕەوتی سەدر.
فازڵ موات، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە سبەینێ کاندیدە جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر سوێندی یاسایی دەخۆن.
موات سوێندخواردنی جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر بە “یەکەم هەنگاو بۆ کۆتاییهاتن بە چەقبەستویی سیاسیی” ناودەبات.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی چەند دەستنووسێکی کاندیدانی جێگرەوەی پەرلەمانتارانی سەدر کە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کاندیدانە ڕەتیان کردووەتەوە کە بەشداریی لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەراندا بکەن.
هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی: بۆ یەكەمجار دەیڵێم، ئەمجارەیان كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری لەسەر هیچ لایەنێكی شیعە دروست نەكردووە و ئەوەشی باس دەكرێت، کە گوایە كشانەوەمان بەهۆی فشارى ئێرانییەكانەوە بووە، ئەوا درۆیە و هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە.
ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەفەرمیی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند و سەرجەم پەرلەمانتارانی ڕەوتە دەستیان لەکارکێشایەوە.
ب.ل