بە کوشتنی بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانتار ڕەعد دەهلکی و براکەی بە دەستی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، دووبارە ترس و دڵەڕاوکێی لەلای چالاکانی عێراق زیندوکردەوە، ئەوەش زنجیرەی ئەو تیرۆرەیە کە بە درێژایی دوو دەیەیە لە عێراق بەردەوامە.
ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە پارێزگای دیالە دەستڕێژی گولەیان لە عەبدولقادر جەسام ناسراو بە ئەبو سەجاد دلێمی و فەلاح جەسام دلێمی برای و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
تا ئێستا هێزە ئەمنیەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ڕووداوەکەوە باس نەکردووە، جگە لەوەی کە هێرشەکە بە چەکی بێدەنگ ئەنجامدراوە.
پێشتر پەرلەمانتار ڕەعد دەهلکی ڕەخنەی لە میلیشیا شیعییەکانی سەر بە ئێران گرتبوو لە عێراق کە ئێستا زیاتر لە هەموو ناوچەیەکی عێراق لە دیالە باڵادەستن.

ئەو هێرشە دوای چەند ڕۆژێکی کەم دێت لە هێرش بۆسەر چالاکوان ئەمیرە جابر کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی بەغدا.
کەناڵی عەرەبیە حەدەس هەواڵیداوە لێدوان لەو چالاکوانە ژنە وەربگرێت، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە لەسەر ڕووداوەکە قسە بکات و دووپاتیکردووەتەوە سکاڵای لەسەر هیچ لایەنێک نییە، لە ترسی ئەوەی خێزانەکەشی هاوشێوەی خۆی بکەونە بەر هێرش و پەلاماری چەتەو میلیشیاکان و لەو ڕێگەیەوە تۆڵەی لێ بکەنەوە.
ی. ک