زیانەکانی تەقینەوە گەورەکەی بەیروت لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ملیارد دۆلار خەمڵێندراوە.
مەروان عبود، پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاند: ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی لوبنانی لە ئەنجامی تەقینەوە کارەساتبارەکەی بەیروت بێ ماڵ و حاڵ بوون و ماڵەکانیان وێران بووە، زیانەکانی ڕووداوەکەش لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ملیارد دۆلار خەمڵێندراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان، دوایین ژمارەی کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ١٣٥ کەس ڕاگەیاندووە و ژمارەی بریندارەکانیشی پێنج هەزار کەس ڕاگەیاندووە، هێشتاش دەیان کەسی دیکە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا بێسەروشوێنن.
حکومەتی لوبنان پێشتر هۆکاری تەقینەوەکەی پەیوەندیدار بە کۆگایەکی ماددەی تەقینەوەی نیتراتی ئامۆنیۆم ڕاگەیاندبوو، دوێنێش ڕایانگەیاندووە ئەو بەرپرسانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوەلە بەندەری بەیروت بەرپرسیارێتییان هەبووە، لە ماڵەوەی خۆیان زیندانی دەکرێن تا ئەو کاتەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تەقینەوەکان ئاشکرا ببێت.
لەو بارەیەوە، مەنال عەبدولسەمەد وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان ڕایگەیاند: دەوڵەتی داوای لە کاربەدەستانی سوپا کردووە، کە ڕێوشوێنی “مانەوەی زۆرەملی لە ماڵەوە” بۆ هەموو بەڕێوبەران و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کۆگاکەی بەندەری بەیروتەوە بگرنە بەر.
مییشل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان، دوێنێ ڕایگەیاند: توندترین سزا چاوەڕێی ئەو کەسانە دەکات، کە بەرپرسن لە ڕوودانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەربڕینی هاوسۆزیی و هاوخەمی گەلان و دەوڵەتانی جیهان لەگەڵ خەڵکی لوبنان بەردەوامە و شەوی ڕابردوو، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، ئاڵای لوبنان بە نیشانەی هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی ئەو کارەساتە گەورەیە، لەسەر بینا و باڵاخانەکان نمایش کرا لەسەریان نووسی”بەیروت لە دڵماندایە”.
ش.ف