هەرچەندە هێزەکانی ڕژێمى ئێران فشارەکانیان بۆ گرتن و ڕاوەدونانی چالاکوانان و خۆپیشاندەران چڕکردوەتەوە و شارەکانیان بە هێز تەنیووە، بەڵام هێشتا سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بە چەندین شێوەی جیاواز بەردەوامە.
دوێنێ جارێکی دیکە لە شارەكانی سنە و ئابدانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، گەنجان هاتنەوە شەقام و چالاکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
هاوکات، لە بەشێک لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە سنە خوێندکاران درێژەیان بە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هێزەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرفراوان بە شارەکاندا بڵاوبوونەوە و چەندین بازگەیان لەناو شارەکان داناوە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنیان.
هەر دوێنێ، لە شاری سنە، چوار ئەندامی خێزانێک، کە پێکهاتوون لە دوو خوشک و دوو برا بە ناوەکانی “ئافاق، شەمسی، پەرویز و خەسرەو و ساعد موچشی” دەستگیرکران.
لە شاری مهابادیش تەرمی “شۆڕش نیکنام”، یەکێک لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو شارە بە بەشداری دەیان کەس لە گوندی قەڵاجوغە بەخاکسپێردرا.
لەسەر ئاستی ئێرانیش لە بەشێکی بەرچاوی زانکۆ و پەیمانگاکان خوێندکاران بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین و لە چەند ناوچەیەکی تارانیش بە شێوەی جیاجیا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات نیشاندرا.
هەروەها، بەشێک لە کرێکاران و شۆفێری بارهەڵگرەکان لە شارکانی وەک کرماشان، ئەسفەهان، شیراز، کاشان و بەندەر عەباس بەردەوام بوون لە مانگرتن.
لەلایەکی ترەوە چوار ڕێکخراوی تایبەت بە خانەنشینیان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە داواکاری خۆپیشاندەران، داوایان کردووە، کۆتایی بە هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی لەو وڵاتە بهێنرێت و دەستبەجێ سەرجەم زیندانیان ئازاد بکرێن و ئەو کەسانەی دەستیان لە سەرکوت و ئازاردانی خۆپیشاندەراندا هەبووە دەستگیر و دادگایی بکرێن.
هۆشداریشیان داوەتە دەسەڵات، کە ئەگەر گوێ بۆ داواکاری خۆپیشاندەران نەگرێت، بە هێز ناتوانێت دەنگی شەقام کپ بکات و بە توندی خەڵک وەڵامی دەدەنەوە.
ڕ.ڕ