سێشەممە, 2 يون 2020 – 07:47 ڕۆژنیوز – دژوار کرماشان
٣٧ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، هەواڵی گولـلەبارانکردنی بە کۆمەڵی ٥٩ گەنجی مەهابادی لە زیندانی تەبرێز لەلایەن دەسەڵاتی ئێران و بە فەرمانی ‘حەمیدڕەزا جەلایی پور’ قائیمقامی ئەو کاتەی مەهاباد ڕاگەیەندرا.
دیاردەی لەسێدارەدان و گولـلەبارانکردنی بە کۆمەڵ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مێژووی دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئێرانە، کە بە گولـلەبارانکردنی ١١ هاوڵاتی کورد لە زیندانی دێزڵ ئابادی کرماشان لەسەرەتای چونە سەرکاری خومەینی دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە و لە ساڵانی ڕابردووش نمونەی زۆری هاوشێوە ڕوویداوە.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و زەوتکردنی دەسەڵات لەلایەن هێزە ئیسلامییەکان بە سەرکردایەتیی خومەینی، خەڵکی کورد کە دژی ئەو دەسەڵاتە بوون و لە ڕیفراندۆمی “کۆماری ئیسلامی ئا یان نا” نایان بە کۆماری ئیسلامی وتبوو، بۆیە خەڵکی کورد و پارتە کوردییەکان بوونە ئامانجی کڕقی دەسەڵاتدارانی ئێران و شەڕ لەو ناوچانە هەڵگیرسا.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، کە ڕووبەڕووی بەرگریی و بەرخۆدانی هێزە کوردییەکان و گەلی کورد بوونەوە، بە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر هەوڵیاندا ئەو ناوچانە بە تەواوەتی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بۆیە هەزاران سەربازیان ناردە ناوچەکە بۆ سەرکوتکردنی بەرخۆدانی خەڵکی کورد.
هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش سەدان گەنجی کوردیان بە تۆمەتی هاوکارییکردن یان لایەنگریی لە پارتە کوردییەکان دەستگیر و زیندانیی کرد، و بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان دەستیان دایە لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژکردنی ئەو گەنجانە، هەر لەو ساڵانەدا بە دەیان گەنج لە فڕۆکەخانەی سنە گولـلەباران کران و لە شارەکانی دیکەش هەر لە کرماشانەوە تا ئورمیە بەدەیان تێکۆشەر و گەنجی کورد بە تاوانی داواکردنی ئازادیی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سێدارە دران و کۆمەڵکوژکران.
هەر لەو کاتانەدا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی مەهاباد لە زیندانەکانی حکومەتی ئێران زیندانیی کرابوون، حکومەت بۆ تۆڵەکردنەوەی شکستەکانی، لە کۆتاییەکانی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٣ لە زیندانی تەبرێز ٥٩ گەنجی مەهابادیی، لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا بە لەسێدارەدان سزادا و هەر لەو زیندانەدا گولـلەباران کران، بەڵام هەواڵی گولـلەبارانکردنی ئەو گەنجانە ڕۆژی ٢ی ٦/ ١٩٨٣ بە فەرمانی قائیمقامی مەهاباد بڵاوکرایەوە.
هەرچەند تا ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا، خانەوادەی ئەو گیانبەختکردووانە کە منداڵیشیان تێدا بوو، شوێنی ناشتنی ڕۆڵەکانیان نازانن.
کوشتنی بەکۆمەڵی کورد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە تا ئێستاش بەردەوامە و لە ئێستادا دەیان گەنجی کورد لەژێر حوکمی لەسێدارەداندان و ڕۆژانەش کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن.
س.ح