ڕۆژنیوز – بەیروت
سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سریان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی بەیت ئەلنەهرەین داوای له حكومه‌تی عێراق كرد، هه‌ڵوێستێكی تووند و جددی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر هەرێمی کوردستان بگرێته‌به‌ر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریا داگیربکات و هێڵیکی تیرۆریستییان لێ دابمەزرێنێت.
ئیبراهیم موراد، سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سریان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی بەیت ئەلنەهرەین لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕایگەیاند: لەو کاتەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هاتووەتە سەر دەسەڵات، دەیەوێت ببێتە سوڵتانێکی نوێی عوسمانی لە ناوچەکەدا، یەکەم کردەوەی تاوانکاریشی لێدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەوڵدان بوو بۆ تێکدانی یەکڕیزی پێکهاتەکانی (کلدان، ئاشووری، کورد و عەرەب) کە سیستمی خۆبەڕێوەبەرییان لە بارودۆخی جەنگدا دامەزراند.
وتیشی: هێزە سەربازییەکانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نوێنەرایەتی هێزەكانی سووریای دیموكرات، بەرەنگاریی ئەو تیرۆرە دەبنەوە، كە ئەردۆغانی سەرۆکی توركیا هەناردەی ناوچەكەی دەكات، بۆ ناسەقامگیریی و لێدانی برایەتی گەلان.
سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سریان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ برایەتیی گەلان و پێکەوەژیانیان شکستی بە پرۆژەکەی ئەردۆغان هێناوە و دەڵێت: ئەمڕۆ دەبینین گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر ناتۆ و سەپاندنی مەرجەکانی بۆ سوید و فینلاند، بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوز لە ناتۆ وەربگریت بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بکاتە سه‌ر باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و باقی ناوچه عه‌ره‌بییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچەیەکی تیرۆریستیی له‌سه‌ر سنووره‌کانی نێوان سووریا و تورکیا دروست بکات بۆ هه‌نارده‌کردنی گرووپه تیرۆریستییه‌کانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌کانی سووریا.
ئیبراهیم موراد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی، کە ئەوان هەمیشە پەیامی خۆیان دەگەیەنینە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە جددیی وەربگرین، بەتایبەتی بەرامبەر گوندەکانی ئاشووری لە هەرێمی کوردستان، کە دەوڵەتی تورک بەپاساوی شەڕی “تیرۆر” هێرش دەکاتە سەر ئەو گوندانە و خەڵکی مەدەنیی دەکاتە ئامانج.
سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تیی سریان داوای لە حكومەتی عێراقیش كرد هەڵوێستێكی تووند و جددیی هەبێت بەرامبەر لەشکرکێشیی و پێشێلكارییەکانی توركیا لە عێراق و وتی: ئەگەر دەوڵەتی عێراق هیچ هەڵوێستێكی تووند و جددیی نەگرێتەبەر سەبارەت بە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكووری عێراق، ئەوا بە هاوکار لەو هێرشانەدا لەقەڵەم دەدرێت.
ب.ل