محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبویەوە، لەكۆبونەوەكەدا باس لەپەیوەندییە ئابورییەكانی هەردوو وڵات و هەوڵەكانی عێراق بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ناوچەكە كرا.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەتارانی پایتەختی كۆبویەوە.
ئاماژە بەوەشكرد، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییە گشتییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانیان كراوە، هەروەها ڕۆڵی عێراق و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و چەسپاندنی سەقامگیری تێیدا.
دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر بانگێشتنامەی ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، هەر دوێنێ سودانی كۆبونەوەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای سیاسی و ئاینی ئێران كۆبویەوە، پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و ئێران و جموجوڵی سەربازی لە هەرێمی کوردستان تەوەری کۆبونەوەکان بوو.
هـ.ئ