ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان ئاشکرای دەکات بەشێکیان حکومەتی عێراقی قەرەبویان ناکاتەوە، کەسانێکیش لەپێناو بەردەوامی گەندەڵی دەیانەوێ کەمپی ئاوارەکان هەر بمێنێ.
سۆران عومەر، ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی ئاشتی ناحیەی عەربەتی کرد، کە نیشتەجیبوانی ئەو کامپە زۆرینەیان خەڵکی سەلاحەدینن و تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: لەئێستەدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران مانگانە سەبەتەی خۆراک و سەبەتەی پێداویستی پاککردنەوەیان پێ دەدات کە تێبینی لەسەر جۆری خۆراکەکان زۆرە، ئەم کەمپە لەلایەن چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە هاوکاری دەکرێت، هەرچەندە کۆمەکی مادی و مەعنەوی ڕێکخراوەکان کەمی کردوەو بەرەو نەمان دەچێت.
ئەوەشی وتووە، پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە تاکو بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و ئەوەشی کێشەی نیشتەجێ بوون و ئەمنی هەیە حکومەت بۆی چارەسەر بکات.
سۆران عومەر دەشڵێت: هەرچەندە تا ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بڕی ٦٠٠ ملیار دینار قەرزاری قەرەبوو کردنەوەی خێزانە ئاوارە گەڕاوەکانە کە ۱٤۷ کەمپیان چۆڵ کردووە و بەیەکجاری داخراون، کەسانێکیش لەپێناو بەردەوامی گەندەڵی دەیانەوێ کەمپی ئاوارەکان هەر بمێنێ.
ها-غ