ڕۆژنیوز-بەغدا
شیکەرەوە سیاسییەکانی عێراق جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەڵمەتی ڕاگەیاندن کردەوە بۆ لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و دەڵێن: پەكەكە حزبێکە لەسەر بنەمای ڕۆشنبیریی ڕێکخراوەیی دامەزراوە و نوێنەرایەتی دەنگی کورد و بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.
لەچوارچێوەی هەڵمەتەكان بۆ دەركردنی پەكەكە لە لیستی تیرۆر و هەڵمەتی دەستپێكردنی هاشتاگ بۆ دەركردنی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، كە زیاتر لە ٢٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە، شیكەرەوانی سیاسی عێراقیش بە پێویتسی دەزانن پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت و هەوڵەكان بەو ئاراستەدا بەردەوامی پێبدرێت.
كازم حاج، شیكەرەوەی سیاسیی بە ڕۆژنیوزی وت: لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر خزمەتی ئاشتیی دەکات لە ناوچەکەدا، چونکە پەکەکە دەیان ساڵە بەرگریی لە دۆزی کورد دەکات و بەرگریی لەمافەکانی دەکات، بۆیە لە جیاتی شەڕ و ناکۆکییەکانی تورکیا دەیەوێت دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بکات.
ئەو شیكەرەوە سیاسییە وتیشی: پەکەکە سیستمێکی فکرییە کە باوەڕی بە دادپەروەریی و یەکسانیی و داکۆکی لە مافەکان و هەروەها باوەڕی بە بنەمای نیشتمانپەروەری و دیالۆگ هەیە و ناکرێت بخرێتە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیەوە.
لەلایەكی ترەوە، عەلی ساحب، شیکەرەوەی سیاسی عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە هەڵمەتەکانی ڕاگەیاندن بەردەوام بن لە فشار خستنە سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر.
ئەوەشی وت: پەکەکە بەبەردەوامی داوای کردووە لەگەڵ ئەو لایەنانەی نەیارن لەسەر مێزی دیالۆگ دابنیشێت، بەڵام تورکیا ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەدژی گەلی کورد و بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی لەناودەبات و هەروەها گوند و کێڵگەکانی ناو هەرێمی كوردستانی داگیركردووە.
جەختیكردەوە، ناتوانرێت پەکەکە یەکسان بكرێت بە ڕێکخراوە تیرۆریستییە ناسراوەکان، چونکە حزبێکە لەسەر بنەمای ڕۆشنبیری ڕێکخراو دامەزراوە و نوێنەرایەتی دەنگی کوردە و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.
دەشڵێت: زۆرینەی ئەندامانی پارتی کرێکاران لە چین و توێژە ڕۆشنبیرەکانی نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و مامۆستای زانکۆن، بۆیە پێویستە وڵاتان بەباشی سەیری ئەمە بکەن.
س.س