سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆ ئاماژە بەوە دەکات، کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، “هەلێکی زێڕینە” بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکات و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنێت.
سەعد موتەڵەبی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقیی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، لەبارەی کشانەوەی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند: کشانەوەی سەدر دەرفەتێکی گەورەی زێڕینە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بە مەرجێک دەرگای دیالۆگ لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە بکرێتەوە بەبێ جیاوازیی.
دەشڵێت: قۆناغی داهاتوو زۆر هەستیارە و پێویستە چوارچێوەی هەماهەنگیی زیاتر بەڕووی هەموو لایەنەکاندا بکرێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
ئەو سیاسەتمەدارە سەربەخۆیە ئاماژەش بە پێویستیی گفتوگۆی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات، بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکییەکان، لەپێناو دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی عێراق.
ب.ل