ڕێبەری ڕەوتى سەدر ڕایگەیاند، تا ماوەی ٣٠ رۆژ دەبنە ئۆپۆزسیۆنى نیشتیمانى و ئەگەر لەو ماوەیەدا حکومەت پێکنەهات هەڵوێستى دیکەیان دەبێت.
موقتەدا سەدر، لە نویترین تویتیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە ڕایگەیاند: شانازیم هەبوو كە گەورەترین گروپی پەرلەمانیم لە مێژووی عێراقدا هەبووە، هەروەها شانازیم كرد كە سەركەوتوو بووم لە پێكهێنانی گەورەترین گروپی پەرلەمانی عێراق ، شەرەفمەند بووم كە پشت بە خۆم ببەستم و پشت بە لایەنە دەرەكییەكان نەبەستم.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە شەرەفمەندە كە پەنای بۆ دەسەڵاتی دادوەری نەبردووە لە بەڕێوەبردنی پێداویستییەكانی خەڵك و پێداویستییەكانی پێكهێنانی حكومەت.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر دەشڵێت، بەهۆی زیادبوونی ململانێی دژی من لە ناوەوە و دەرەوە، دژی بیرۆكەی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی كە لە هەوڵەكاندا سەركەوتوو نەبوون.
باسی لەوەشکردووە ئەوان لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نەبوون کە هۆکارەکەی بۆ پشتیوانی نەکردنی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان گەڕاندووەتەوە و دەشڵێت “هێشتا بژاردەیەکمان لەبەردەمدا ماوە کە ببین بە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی، گەر لایەنەکانی دیکە تەنانەت ئەوانەش کە هاوپەیمانمان بوون بتوانن حکومەت پێکبهێنن”.
وەک وەڵامێکیش بۆ هەڵوێستی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان سەدر وتوشیەتی، گەر لەماوەی ٣٠ رۆژدا حکومەت پێکنەهات هەڵوێستێکی دیکەیان دەبێت.
نوێکراوەتەوە…
ها-غ