“ڕەنگە ببمە بەشێک لە چارەسەر”، لێدوانێکی پێچەوانەی سەرۆکی ڕەوتی سەدرە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەسەر پرسی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی داهاتوو.
موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا دوو مەرجى خۆى بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنی ٦ی نیسانی ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند، کە یەکێکیان زۆرینەی پەرلەمانی و ئەوی دیکەشیان وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانە، “بەمەش ڕەنگە ببمە بەشێک لە چارەسەر”.
سەدر دووپاتیکردووەتەوە کە دوای ئەم دوو ئەگەرە بە یارمەتى ئەوان بەردەوام دەبێت و لەگەڵیاندا پرۆژەى چاکسازیى لەناوخۆ ئەنجام دەدات.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەشکردووە “لەم حاڵەتەدا ئەو هۆکارەى بووەتە هۆى سوێندخواردنم بۆ بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردن، لادەچێت و منیش ئازاد دەبم و بڕیارى بەشداریى هەڵبژاردن دەدەم”.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە کەناڵی “حوڕە”ی ڕاگەیاندووە، سەدر بە متمانەیەکی زیاترەوە دەستی بە نواندن کردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەروەها سەدرییەکانیش لە بەرنامەیاندایە پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست بهێننەوە و موقتەداش بیر لە دەستنیشانکردنی کاندیدەکان دەکاتەوە بۆ ئەو پۆستە.
سەرچاوەکە دەڵێت، دوو ناو هەیە کە کاندیدکراون بۆ ئەو پۆستە، لەوانەش: ئامۆزاکەی موقتەدا سەدرە بەناوی جەعفەر سەدر کە ئێستا باڵیۆزی عێراقە لە بەریتانیا، هەروەها برازاکەی سەدر بە ناوی ئەحمەد سەدر، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە وەزارەتی دەرەوە پۆستی وەرگرتبوو کە بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکە دەڵێت گفتوگۆی نێوخۆیی هەیە لەناو سەدریەکان بۆ ئەو مەبەستە و هۆشداریی دراوە لە دانانی ئەندامان خێزان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، چونکە شکست لە حکومەتدا دەتوانێت زیان بە جەماوەری سەدریش بگەیەنێت.
ئەم لێدوانانەی سەدر پێچەوانەی پەیامێکی تری خۆیەتی لە ١٤ی ئەم مانگەدا کە وتبووی، “ژەهر دەخوم کاتێک بیر لە بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتوو دەکەمەوە و تا ئێستاش بڕیارم نەداوە بەشداریى بکەم”.
لەبارەى هۆکارى ئەوەشەوە سەدر ڕیگەیاند، “ئەم جارەیان دووژمن تەنها گەندەڵییەک نییە تا خۆتى لێ بپارێزیت، بەڵکو خەڵکێک دروستبوون پێگەى ئاینى لەق دەکەن و خراپەکارییان قبوڵە و هاوڕەگەزبازیى بە یاسایی دەکەن و سەرخۆشى و خراپەکارى بڵاودەکەنەوە”.
ی. ک