شەممە, 18 أبر 2020 – 17:01 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سەربازان و پۆلیسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ماوەی ٢ ڕۆژە لە وان و ناوچەکانی دەورووبەریدا چوونەتە چەندین گۆڕستان و وێنەی گۆڕ و کێلی ئەو کەسانەیان شکاندووە، کە لە شەڕی ئازادیدا شەهیدبوون و دواتر چوون بۆ بنەماڵەکانیان و زانیارییان لەسەر ڕۆڵە شەهیدەکانیان لێوەرگرتوون.
سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ لە چوارچێوەی گەڕانەکانیاندا بە گۆڕستانەکاندا لە گەڕەکێکی ناوچەی ئەردیش لە پارێزگای وان چوونەتە گۆڕستانێک و وێنەی ٢ گۆڕیان تۆمارکردووە و بە پاساوی ئەوەی لەسەر کێلی گۆڕەکان “نازناو” نووسراوە، بنەماڵەکانیان بانگ کردوون بۆ گۆڕستانەکە و بە بەرچاوی بنەماڵەکانیانەوە کێلی گۆڕی ئەو گەریلا شەهیدانەیان شکاندووە.
سەربازەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بنەماڵەی ئەو گەریلا شەهیدانەیان ڕاگەیاندووە، لەبەر ئەوەی نازناو لەسەر کێلەکان نووسراون و ئاڵاش لەسەر بەردی کێلەکان نەخشێنران، کێلی گۆڕەکان دەشکێنن، سەربازەکان لە دوای شکاندنی کێلی گۆڕی ئەو گەریلا شەهیدانە بە کامێرای ڤیدیۆ دیمەنی کێلە شکاوەکانیان تۆمار کرد.
هاوڵاتییەکی ئەو گەڕەکە پێی ڕاگەیاندین “سەربازەکان لە نزیک نیوەڕۆدا ئەنجومەن و کوێخای گەڕەکەکەیان بانگکرد و چوونە سەر گۆڕەکان، دەستیان بە ڤیدیۆگرتنی گۆڕەکان کرد، دوای ئەوە بنەماڵەی ئەو کەسانەیان بانگکرد بۆ گۆڕستانەکە، کە ڕۆڵەکانیان شەهید بوون و لەم گۆڕستانەدا نێژراون. سەربازەکان وتوویانە، لەسەر بەرد و کێلی گۆڕەکان نازناو نووسراون و هەروەها نووسراوە “شەهید” بۆیە کێلی گۆڕەکان دەشکێنن، بە وتەی سەربازەکان لەسەرەوە فەرمانیان پێکراوە بۆ شکاندنی کێلی گۆڕەکان و کێلی گۆڕەکانیان شکاند و هۆشداریشیان بە بنەماڵەکان دا، کە جارێکیتر ئەو نووسراوانە لەسەر بەرد و کێلی گۆڕەکان نەنوسن و دوای ئەوە گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت”.
د.ع