سەرۆكی جەهەپە ڕایدەگەیەنێت، بەڵگەی لەبەردەستدایە خێزانی ئەردۆغان سەرقاڵی كڕینی موڵكن لە ئەمریكا و لە ژێر ناونیشانی خزمەتكردنی خوێندكاردا، سەرقاڵی ناردنی پارەن بۆ ئەمریكا و دەڵێت: ئەو موڵكانە بۆیە دەكرن پەناگەیەك بۆ هەڵهاتنیان ئامادە بكەن.
كەمال كلچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆمارییپارێزی تورکیا ـ جەهەپە، دوێنێ لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەربارەی گەندەڵیی سەرۆك كۆماری دەوڵەتی تورک ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان وتی: بەڵگەمان لەبەردەستدایە و بەپێی بەڵگەكان یەكێك لە ئەندامی خێزانی ئەردۆغان لە ڕێگەی دوو دەزگاوە بەناوی “ئەنسار و تورگەڤ” وەقفی خزمەت و پەروەردەی گەنجان و وەقفێكی ئەمریكی، ملیارێك تەلەی توركیی، واتە نزیكەی ٦٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی ڕەوانەی ئەمریكا كردووە.
بەوتەی سەرۆكی جەهەپە، ئەندامی خێزانەكەی ئەردۆغان لەڕێگەی ئەو دوو وەقفی توركیاوە پارەكەی ڕەوانەی وەقفەكەی ئەمریكا كردووە و دەڵێت؛ بەڵگە لە بەردەستماندایە.
سەرۆكی جەهەپە وتیشی: ئەو پارەیەی ڕەوانە دەكرێت وەقفێكی بۆ کراوەتەوە لە ئەمریکا، بۆ ئەوەی بەپێی یاسای ئەمریكا بۆئەوەی وەك بەرگرییەك لە بەرامبەر یاسای ئەمریكی بەكاری بێنن، مەبەستیانە هاوشێوەی فەتحوڵا گولەن شوێنێك لە ئەمریكا بكڕن و خۆیانی تێدا بپارێزن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، خاوەنی وەقفەكە بنەماڵەی ئەردۆغانن، بەڵام بەڕێوەبەری یاسایی وەقفەكە هاوڵاتییەكی ئەمریكییە و لە توركیاش ئەو دوو وەقفەیان هەڵبژاردووە بۆ ئەو كارە، كە بە ڕووكەش بۆ خزمەتكردنی خوێندكاران خۆیان ناساندووە.
دەشڵێت: ئەو وەقفانە پارە بەناوی خزمەتكردنی خوێندكارانەوە وەردەگرن و دەپرسێت ئەم پارە لە كێ وەردەگرن و چۆن ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتی دەكەن؟.
هەروەها، ڕووی قسەكانی لەوانە دەكات كە بەو پارە لە دەرەوە دەژین و دەڵێت: یاسا دەسەڵاتی نوێی دوای ئەردۆغان ڕێگە دەدات ئێوە بەوشێوەیە بژین و بانگ لە ئەردۆغان دەكات و دەڵێت: كێ لە خێزانی ئێوە ئەم پارە دەبات بۆ ئەمریكا و لەوێ كام لە ئەندامانی خێزانەكەتان وەریدەگرێت.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا باسی لەدۆخی ناوخۆی توركیا كرد و وتی: لەبەر بردنەدەرەوەی ئەو پارانەیە، كە پارەی خانەنشین نییە و منداڵانی ئێمە برسین، ئیچوە لە شوێنی هەڵهاتن دەگەڕێنن، بەڵام ئێمە هیچ شوینێكمان نییە و تەنها وڵاتی خۆمان هەیە.
س.س