شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراقەوە، پێشوازییان لێکرا، بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە، دوابەدوای سەردانی شاندێکى ئەمنیی عێراق بۆ هەرێم لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا و ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی بەرگریی عێراق، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتنە بەغدا.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شاندەکەى وەزارەتى پێشمەرگە پێکهاتوون، لە سەرۆكایەتی فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامێتی هەردوو جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پشكنینی گشتیی.
ئەوەش خراوەتەڕوو: شاندەکەى هەرێم لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لەلایەن فەریق روكن حامد سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە پێشوازییان لێکرا.
بەپێی ڕاگەیەنداروەکە، وا بڕیارە شاندەکەى هەرێم لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
جێگەى ئاماژەیە، لە ڕۆژى ١٩ ى ئەمانگەدا شاندێكی هاوبهشی هەریەکە لە وهزارهتهكانی ناوخۆ و بهرگریی لەگەڵ فهرماندهیی ئۆپەراسیۆنه هاوبهشهكانى عێراق گهیشتنه ههولێر و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانى، نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى کۆبونەوە و بەپێی زانیارییەکان لە کۆبونەوەکەدا بەرپرسانى پەدەکە داواى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شەنگالیان کردووە.
ئ.م