هەینی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق، بێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان، وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق دیاریکرد، بەڵام گریمانەکان بە ئاڕاستەی ئەوەن کە هەڵبژاردنەکە لەبەر چەند هۆکاریك پێشبخرێت، کۆمسیۆن و لایەنەکانیش مەرجیان لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەکە داناوە.
هەریەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار وەک دوو دەسەڵاتی گەورەی عێراق بۆچوونی خۆیان لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند، لای خۆیەوە بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، پێویستە زەمینەسازییەکی تەواو بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق بکرێت و پێداویستییەکانی ئەو ھەڵبژاردنە دابین بکرێن.
حەداد کە لەسەر پشکی “پەدەکە” پۆستەکەی وەرگرتووە، لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە، دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەت، بەڵام پێویستە تەواوی پێداویستییە یاسایی و دارایی و ھونەرییەکانی ھەڵبژاردنەکە دابین بکرێن، بۆ ئەوەی گەرەنتی سەرکەوتنی ئەو ھەڵبژاردنە بکرێت، ھەروەھا کاریش بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان تاوەکو لە مومارەسەکردنی ئەو مافەیان بێ بەش نەبن.
هەروەها بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد بە چاودێری نێودەوڵەتی و داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کرد، زوو بە زوو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو پەسەندی بكات و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات، داواشیکرد پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی.
ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە هەركاتێك حكومەت پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان بخاتە بەردەست، ئامادەن پێشنیازەكە بەڕەزامەندی خۆیانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان بکەن، بۆئەوەی لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، دەشڵێت كە بڕیاری پەرلەمان لەو بارەیەوە دەرچوو، وەک ئەوەی لە دەستوردا هاتووە، بە فەرمی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری دەكات كە زیاتر نەبێت لە دوو مانگی دوای وادەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
لەسەر ئاستی لایەنەکانیش، تا ئێستا لایەنە كوردییهكان ههڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە، هەرچی فراکسیۆنی پارتیشە بە ٢٦ کورسی پەرلەمانییەوە داوای سازانی سیاسی دەکات پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.
بە وتەی ڤیان سهبری سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سازانی سیاسی باشترین بژاردهیه بۆ سهركهوتنی ههڵبژاردنی پێشوهخت كه مستهفا كازمی له شهشی حوزهیرانی ساڵی داهاتوو وادهكهی دیاریكردووە.
ئهنجومهنی نوێنهران تا ئێستا نهیتوانیوه یاسای ههڵبژاردنهكان وخشتهكانی تهواوبكات كه پهیوهستن به بازنهكانی ههڵبژاردنهوه، ههروهها نهیتوانیوه یاسای دادگای فیدڕالی پهسهند بكات یان بڕگه سێیهمی یاسای ئهنجومهنی باڵای دادوهری ههمواربكاتهوه كه پهیوهسته به دانانی دادوهرانی دادگای فیدڕالی.
لە ئێستادا پهرلهمانتاران واژۆیان بۆ دهستپێكردنهوهی دانیشتنهكانی ئهنجومهنی نوێنهران كۆكردووەتهوه، چونکە تا ئێستا هیچ وادهیهك بۆ دهستپێكردنهوهی دانیشتنهكانی پەرلەمان دیاری نهكراوە.
لە بەرامبەردا كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگهیاند، ئامادهن ڕۆژی شەشی حوزهیرانی ساڵی داهاتوو، وهك ئهوهی مستهفا كازمی دیاریكردووه بۆ ههڵبژاردنی پێشوهخته، بهڕێوهبهرن، بهڵام به كۆمهڵێك پێشمهرج، لەوانەش تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمان لە زووترین کاتدا، لەگەڵ تەواوكردنی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە لایەنی سەرپشككراوی یاساییە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
هەرچەندە کازمی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریکردووە، بەڵام پەرلەمان بەکۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەو وادەیە دەدات یان دەستکاری دەکات، بەپێی داوای هەندێک لایەنی سیاسی، پێناچێت هەڵبژاردنەکە لە ٦ی حوزەیراندا ئەنجام بدرێت، بەوپێیەی ٦ی مانگی شەش حوزەیران لە شارەکانی خوارووی عێراق پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و ئاستەنگ لەبەردەم ڕێژەی بەشداری دەنگدەران دروستدەکات، هاوپەیمانی فەتح بە ٤٧ کورسی پەرلەمانەوە داوایکرد هەڵبژاردنەکە بکەوێتە مانگی چوارەوە.
هەلبژاردنی ئەمجارە کۆمەڵێک لەمپەر و ناکۆکی سیاسی لەبەردەمدایە، یەکێکە لەو لەمپەرانە تەواونەکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانە کە هێشتا چەند بڕگە و ماددەیەکی پەسەند نەکراوە کە پڕە لە كەموكوڕی و بەشێكی زۆری یاساكە بەشێوەیەكی نادروست هەمواركراوەتەوە.
یەكێك لەو خاڵانەی کە ئێستا زۆرترین مشتومڕی سیاسی لێکەوتووەتەوە، دابەشكردنی كورسییەكانی هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی شارۆچکەکان “قەزاکان”، بە جۆرێک شێوازی دابەشكردنەكە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارۆچکە دیاری دەكرێت، لەكاتیكدا پشت بە ژمارەی دانیشتوانی پاریزگاکە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی دەبەسترێت.
بەڕای کوتلە بچوکەکانی پەرلەمان، دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بەم شێوازەی كە ئێستا هەیە، دەرفەتی گەورەی ساختەكاری دەڕەخسێنێت، بەوتەی خۆیان لەناو بازنەی بچوكدا ساختەكاری زۆر ئاسانترە لە بازنەی فراوان، لە بەرامبەریشدا ئەو كاندیدەی کە لە هەڵبژاردن دەیباتەوە، ئەوەیە كە بەرزترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، نەوەك ئەوەی دەنگی ٥٠+١ بەدەست دەهێنێت.
هاوکات یەکێکی دیکە لە کێشەکان، بژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەشێوەی ئەلیكترۆنی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بە ئاشکرا ساختەکاری تێدا کراو تەنانەت پرۆسەی سیاسی عێراقیشی بەرەو هەڵدێر برد.
س.ح