سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە کوردیەکان لە قاهیرە، جەختی لە داواکان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو ڕێبەری تەنیا گەلی کورد نییە و ڕێبەری مرۆڤایەتییە، چونکە هزری ئۆجالان سنووری نەتەوەی تێپەڕاندووە.
سەید عەبد ئەلفەتاح ڕۆشنبیری میسری و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە کوردیەکان لە قاهیرە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بۆ ئاریەن تی ڤیی ناردووە، لەسەر هەڵمەتی “ئازادی بۆ ئۆجالان و کارییەگەرییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان، قسە دەکات کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز لێرە بڵاوی دەکاتەوە.
لە سەرەتادا، سەید عەبد ئەلبفەتاح، دەڵێت: بەبێ کۆڵدان و ماندووبون و بێهیوابوون، جەخت لە داوای ئازادی بۆ بیرمەند و سەرۆک و ڕێبەری مرۆڤایەتی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەینەوە، ئەم داواکاریە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکە، یان بە واتایەکی دروستتر، بۆ ڕاستکردنەوەی تاوانێکە کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی داوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە لەم تاوانەدا، بە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و پێچەوانەی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانە، دەستبەسەرکردنەکە و بارودۆخ و پێشهاتەکانی، کە ٢٢ ساڵە بەردەوامە، پێچەوانە و دژە لەگەڵ ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان و پێشێلیان دەکات و لەگەڵ ڕێکەوتنەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، و تەواوی بەها مرۆیی و ڕەوشتیەکان یەکناگرێتەوە، هەر بۆیە داواکاریمان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییەکی ڕەوا و یاساییە، لە کاتێکدا ئەو دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنە بەردەوامە، نایاسایی و ناڕەوایە و لە لایەن هەموو ئەوانەی بڕوایان بە بەها مرۆییە باڵاکان هەیە قبووڵنەکراوە.
عبد ئەلفەتاح بەشداریی خۆی لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان بە شانازی دەزانێت و دەڵیت: وەکوو سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە کوردیەکان لە قاهیرە، کە تایبەتمەندە بە داکۆکی و بەیانکردنی مافەکانی کورد و ڕەوایی ئەم مافانە، و ڕوونکردنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی ئەم گەلە و بەتایبەتی و لە پێشەوە عەبدوڵا ئۆجالان، کە کەسایەتییەکی کاریزماییە، و تەنها پێشەوایەکی کوردی نییە، بەڵکو بازنەی نەتەوەی تێپەڕاندووە و بووەتە ڕێبەرێکی مرۆڤایەتی، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە هزری ئۆجالان لە سنووری نەتەوەدا قەتیس نەبووە، بەڵکو ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە.
عبد ئەلفەتاح ئاماژە بەوەدەکات کە ڕێبەر ئۆجالانی نەدیوە بەڵام باش دەیناشێت و دەڵێت: لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبەکانی و فیکرەکانی کە لەم کتێبانەیدا گەیاندوونی و لە ڕێگەیەکی دیکەشەوە کە کەمتر بایەخی نییە و ئەویش دیداری پشتیوانانی و هەوادارانی و هەڤاڵانی لە خەباتی سیاسی و مرۆیی، لە شەڕڤانانی چیاکان و شارەکانەوە، تا خەباتکارانی وشە و ڕێچاری ئاشتیانە، ئەمانە کە عەبدوڵا ئۆجالان توانیویەتی فیکری خۆی لە مێشک و لە دڵیاندا بچەسپێنێت و ئیتر خەریکی جێبەجێکردنی ئەو فیکرانەی ئەون، جێبەجێکردنێکی کردەیی لەسەر ئەرزی واقیع، لە ڕێگەی دیدار و دیمانەی زۆرەوە لەگەڵیان، بەم شێوەیە عەبدوڵا ئۆجالانم ناسی، خۆی و فیکری و ئەو بەهایانەی بانگەوازیان بۆ دەکات، کە کۆمەڵێک بەهای مرۆیی باڵان، هەروەها لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ تێرۆری داعشی، هەروەها لە ڕێگەی سەرکەوتنیانەوە لە دامەزراندن و چەسپاندنی ئەزموونێکی دیموکراتیی دروست و سەرکەوتوودا کە شایەنی هەموو ستایش و نرخاندنێکی ئێمەیە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لێرەوە عەبدوڵا ئۆجالانم ناسی، و ناسینی زیاتریشم بۆ دروستبوو، لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە، کە من پێم وایە کۆمەڵێک فیکری مرۆڤدۆستانە لە خۆ دەگرن، و ئەم فیکرانە پێویستە بەشی تەواوی خۆیان لە برەو و بڵاوبوونەوەی جیهانی بەربکەوێت، بەڕاستییش لە ڕێگەی ئەوەدان بەو شێوە جیهانیە بڵاوببنەوە، چونکە پێشتر ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا کۆت و بەندی زۆریان دادەنا لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو فیکرە، پێویستە بڵێین ئەم فیکرانە لە بنەڕەتدا فیکری مرۆڤانە و مرۆڤدۆستانەن و ئەرکە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ڕۆشنبیران و پێشەنگەکانی ڕای گشتی لە جیهانی ئازاد، بێنە ڕیزی ئەم هەڵمەتەوە و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان داواکاریی ئەوانیش بێت، نەک بەپێی ئەوەی کەسێکی نەتەوەیی کوردە، بەڵکوو بەپێی ئەوەی بیرمەندێکی مرۆڤایەتی جیهانییە کە بانگەشە دەکات بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و بۆ ئەو نەتەوەی دیمۆکراتەی کە هەموو ئێتنیک و گەلەکان و هەموو ڕەگەزەکان و ڕەنگەکان لە سایەیدا کۆدەبنەوە، و جیاوازی نا خاتە نێوان مرۆڤەکان و هەمووان یەکسان دەبن لەژێر چەترێکدا کە بەڕێوەیان دەبات و بەڕێوەبردنی هاوبەشی نێوانیان خۆبەڕێوبەرییان بۆ دابین دەکات، بەبێ دوورخستنەوە و کەنارگیرکردنی کەس و بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی هەژموونکاریی کەس.
سەید عەبد ئەلفەتاح ڕۆشنبیری میسری و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە کوردیەکان لە قاهیرە، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵیت: لێرەوە لە قاهیرەوە، دووپاتی دەکەینەوە و داواکاریمان بەرزدەکەینەوە و هەر بەردەوام دەبین، بۆ ئازادکردن و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بجوڵێت و ڕۆڵی خۆی کە لەسەر شانیەتی ببینێت، چونکە بەردەوامیی دەستبەسەربوونی عەبدوڵا ئۆجالان پەڵەیەکە بە ناوچەوانی مرۆڤایەتیەوە.
ب.ک