لەسەر سنووری عێراق و سوریا، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران و سێ پاسەوانی لە هێرشێکی ئاسمانی کوژران.
بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنە عەرەبییەکان، لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەکەیەکی بێفڕۆکەوان، بۆسەر ئۆتۆمبێلیکی سوپای پاسدارانی ئێران چوار کەس کوژراون.
بەگوێرەی هەواڵەکان، ئەو ئۆتۆمبێلە دوای ئەوەی لە سنووری قائیم (لە سنووری عێراق و سوریا) بەرەو ناو خاکی سوریا چووە، کراوەتە ئامانج.
ناوی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسدارانی ئێران، “موسلیم شەهدان” ڕاگەیەندراوە، بەڵام ناسنامەی سێ کەسی دیکە، کە دەوترێت پاسەوانی ئەو فەرماندەیە بوون ئاشکرا نەکراوە.
هەرچەند زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هی ئەمریکا بووە، بەڵام تا ئێستا نە ئەمریکا و نە ئێران لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، ٢٧ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی ئابسەردی سەربە تارانی پایتەخت، محسێن فەخری زادە جێگری وەزیری بەرگری ئێران و بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە (تیرۆر کرا) کوژرا.
هەروەها ڕۆژی ٣ی مانگی ١ی ئەمساڵیش قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەخت لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس و هەشت کەسی دیکە، کوژرا.
ب.ک