لە ئەنجامی هێرشێکی چەتەکانی داعشدا، فەرماندەیەک و ١٠ چەکداری حەشی شەعبی لە سەلاحەدین کوژران و ١٠ی دیکە برینداربوون.
شەوی ڕابردوو، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئەلغەیس لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین و نزیک گوندی حەمرین، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارۆچکەی خورماتوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی، حەشدی شەعبی وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و ماوەی دوو کاتژمێر شەڕ لەنێوانیاندا بەردەوام بووە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا ئەبو عەلیا حسناوی، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای ٢٢ و ١٠ چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون، ١٠ی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی زیان بەر چەندین ئۆتۆمبێلی حەشد کەوتوە.
حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، چەتەکانی داعش ویستوویانە دەست بەسەر بنکەوبارەگاکانی لیوای ٢٢-دا بگرن، بەڵام چەکدارەکان توانیویانە پلانەکەی داعش تێکبشکێنن و ناچار بە هەڵهاتنیان بکەن لە ناوچەکە.
ش.ف