ڕۆژنامەیەکی لوبنانی ئاشکرایکردووە، کە ئیسماعیل قائانی لە سەردانێک بۆ لوبنان لەگەڵ حەسەن نەسروڵا کۆبووەتەوە و داوای کردووە کە لەم ماوەیەدا ئیسرائیل نەوروژێنێت.
ڕۆژنامەی ‘لوریان لوژور’ی لوبنانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و حەسەن نەسروڵا سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی ئاشکرا کردووە.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: ئیسمائیل قائانی لەم ماوەیەدا بە نهێنی سەردانی لوبنانی کردووە و لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی حزبوڵای لوبنان و حەسەن نەسروڵا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئامانجی سەردانەکەی قائانی ئەوە بووە کە داوا لە حەسەن نەسروڵا بکات، لەم ماوە هەستیارەدا ئیسرائیل نەوروژێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، قائانی هەروەها داوای لە فەرماندەکانی حزبوڵا کردووە؛ “دەست بۆ هیچ کردەوەیەک نەبەن کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت لەم گرژییە سود وەرگرێت و دەست بە هێرشێکی بەرفراوانی سەربازیی دژی ئێران بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە زۆربەی کاربەدەستانی ئێران، ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی موحسین فەخری زاده، جێگری وەزیری بەرگریی ئێران.
لە ماوەی ڕابردووشدا باس لەوەکرا، کە کاربەدەستانی سوپای پاسداران داوایان لە ملیشیا عێراقییەکانیان کردووە، تا کۆتایی خولی سەرۆک کۆماریی دۆناڵد ترامپ، هەوڵبدەن گرژییەک لەگەڵ ئەمریکا دروست نەکەن و بیانو بە ئەمریکا نەدەن بۆ هێرش کردنە سەر ئێران.
دوابەدوای کوژرانی فەخری زادهش، باس لەوە دەکرێت کە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی حەسەن نەسروڵا زیادی کردووە و داوای لێکراوە بۆ ماوەیەک لە شوێنی مانەوەی خۆیدا نەیەتە دەرەوە.
ب.ک