خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بە یروتی پایتەختی لوبنان سەریهەڵدایەوە، توڕەیی ئەمجارەی لوبنانیەکان زیاترە و پرسیاری تەقینەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەیروت لە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان دەکەن و وێنەکانیان دەسووتێنن.
لە دوێنێوە ھەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی شەھیدانی ناوەندی بەیروت کۆبوونەتەوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک وەزارەت و بینای پەرلەمانیشدا گرتووە، بە درێژایی شەوی ڕابردووش خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکە مانەوە و لە بەیانی ئەمڕۆشەوە ناڕەزاییەکان دەستیان پێکردەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندان لە بەیروت، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و لێدان بە داری کارەبایی، وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، بەپێی دوایین ئامارەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر بریندار بووە و پۆلیسێکیش کوژراوە.
دروشمی سەرەکی خۆپیشاندەران، دەست لەکارکێشانەوەی سیاسییەکانی وڵاتەکەیان و دادگاییکردنیان بەهۆی کەمتەرخەمی لەو ڕووداوەی کە لە بەندەری بەیروت ڕوویداو نزیکەی ١٦٠ کەسی کوشت و نزیکەی شەش هەزار کەسی بریندار کرد.
خاچی سوری لوبنانی ڕایگەیاندووە، ١١٧ خۆپیشاندەر کە لە توندوتیژییەکانی دوێنێدا برینداربوون چارەسەر کراون، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەیان خۆپیشاندەر لەبەردەم بینای وەزارەتی دەرەوە وێنەی سەرۆکی وڵات و بەرپرسانی حکومی و حزبییان بەبێ جیاوازی سووتاند و بەشێوەی ڕەمزیش لە سێدارەیاندان.
ڕۆژێک دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، ئیما نوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی لوبنان و شوێنی تەقینەوەکەی کرد و برینداران و هاوڵاتیانی زیانمەندی بەسەرکردەوە، ماکرۆن ئامادە نەبوو دەست بخاتە ناو دەستی سەرۆکی وڵات، لە بەرامبەردا بریندار و خەڵکانی زیانمەندی لە ئامێز گرت، هەروەها دوپاتیکردەوە کە خەڵکی لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و هاوکاری و کۆمەکیان لەڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش دەکەن.
هەر دوێنێ، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی لوبنان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکومی ئامادە نەبووە دەستلەکاربکێشێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی لوبنان حەسان دیاب، هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک تاکە ڕێگەی دەرچوون لەو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی ئێستای لوبنان دەزانێت لە ماوەی دوو مانگدا.
هەر دوێنێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت، پاڵپشتی خۆی بۆ داوای ڕەوای خۆپیشاندەران دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، کە خەڵکی لوبنان شایانی ئەوەن بەرپرسەکانیان گوێیان لێ بگرن.
س.ح