شەوی ڕابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دانانی پارێزگایەکی نوێی بۆ زیقار ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکە دەکات.
ماوەی چوار ڕۆژە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار سەریهەڵداوەتەوە و خۆپیشاندەران داواکاری سەرەکییان لادانی پارێزگار و لێکۆڵینەوە کردنە لەگەڵیدا، بەوپییەی دەستی هەیە لە دەستگیرکردن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا.
شەوی ڕابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، دەست لەکارکێشانەوەی نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقاری پەسەند کرد و عەبدولغەنی ئەسەدی لە شوێنەکەی دانا.

لە وتەیەکیشدا کازمی ڕایگەیاند، گۆڕێنی پارێزگاری زیقار و کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناسریە، پێشەکییە بۆ کەمپینێکی گەورە لە بنیاتنانەوەی پارێزگاکەدا، تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ڕێوشوێنی پیویست بەرامبەر پارێگار دەگیرێتەبەر.
هەروەها وتی، حکومەت هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە پارێزگاری زیقار عەبدولغەنی ئەسەدی کە سەرۆکی خزمەتگوزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە دەکات.

دوێنێ خۆپیشاندەرانی ناسریە بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و بەشێک لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای زیقاریان سوتاند،
هاوکات کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لەسەر ڕووداوەکانی زیقار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی دۆخی نائەمنی پارێزگاکەی کرد کە بووە هۆی کوژرانی دوو خۆپیشاندەر و بریندارکردنی ١٤٧ کەس لە هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران.
ی. ک