بەهۆى دەستڕێژى گولـلەی هێزە چەکدارەکانى ئێران، کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربوو، هەروەها، کۆڵبەرێکى دیکە لە سنوورى هەنگەژاڵە لە ئەنجامى دەستڕێژى فیشەکى هەمان ئەوهێزانە برینداربوو.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ هێزە چەکدارەکانى ئێران لە بنکەی زەلێ، کە دەکەوێتە سنووری چۆمانی سەر بە شارى بانە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستڕێژى گولـلەیان لە گروپێک کۆڵبەران کردووە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی عادل عەلیپوور، کە تەمەنى ٢٢ ساڵە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی یاسین ئەمین پوور بە سەختی بریندار بووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەر لە هەنگەژاڵەى سنوورى شارى بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی فەرەیدون ئەحمەدی، کە تەمەنى ٣٣ ساڵە، لە ئەنجامی دەستڕێژى گولەى هێزە چەکدارەکانى ئێران بریندار بوو.

ئ.م