ژمارەیەک لە گەنجان و چالاکوانان لە شاری بەغدا لە شەقامی موتەنەبی دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەکانی سنووری شەنگال چالاکیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایانکرد بە سەربازگەکردنی شارەکە کۆتایی پێبێت.
ئەو گەنجانە کە لە بەغدا گردبوونەوە داوای هێورکردنەوەی دۆخی شەنگال و گوند و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن و داواش دەکەن شارەکە نەکرێتە سەربازگە.
گەنجانی نیشتەجێی بەغدا ژمارەیەک دروشمی ناڕەزایەتیان دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بەرزکردەوە و تیادا دەڵێن شەنگال شارێکی غەدر لێکراوە مەیکەنە سەربازگە.
ئەوەشیان وتووە کە ڕێگای ئاشتی هەڵبژێردرێت لە جیاتی شەڕ و بەسەربازگەکردنی شارەکە و دەڵێن ئەو شارە نابێت بفرۆشرێت و بازرگانی پێوە بکرێت.
گردبوونەوەی ئەو ژمارە گەنجە لە بەغدا، هاوکاتە لە گەڵ ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دژی هێرشەکانی سوپای عێراق، کە داوا دەکەن سوپا و هێزە سەربازیەکانی عێراق لە شار و گوندەکانیان بچنەدەرەوە.
ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی شەنگال دوای ئەوەهات کە سوپای عێراق لە ڕۆژی ٢ی ئایار کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، دەستیان بە هێرشێک کرد بۆسەر دامەزراوەکانی جۆبەڕێوەبەری ئێزدییەکان لە ناوچەکە کە بە هۆیەوە شەڕڤانێک شەهید بوو.
ها-غ