تەنها دوو کاتژمێری ماوە بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دەستیپێکردەوە و دەیان خۆپیشاندەر ڕوویان لە گۆڕەپانەکە کردووە.
پەیامنێری ڕۆژنیوز لە بەغدا ڕایگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە دەیان کەس ڕوویان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا کردووە و خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و تەوەری کۆبوونەوەکەشی بریتییە لە دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبووسیی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پڕکردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان.
لە شەوی ٢٦ی ئەیلولەوە ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دەوروبەری گیراوەتەبەر و هەر چوار دەروازە سەرەکییەکەی ناوچەی سەوزی بەغدا و هەردوو پردی کۆماریی و سنگ ئەمشەو بە کۆنکرێت داخراون.
ب.ل