هێزەکانی فیرقەی چواری سەر بە ڕژێمی ئەسەد کە لە ژێر ڕکێفی ئێراندایە، هێزێکی گەورەی سەربازیی ڕەوانەی پارێزگای دتعا دەکات لە سوریا و ئامادەکاریی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێزەکانی سەر بە ڕووسیا دەکەن.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مڕۆڤ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئاڵۆزیی نێوان هێزەکانی ڕوسیا و ئێران دەکات لە پارێزگای درعا، کە ماوەیەکە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر نزیک لە پێکدادان.
ڕوانگەی سوری ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی فیرقەی چواری سوپای سوریا بە فەرماندەیی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد، کە لەژێر ڕکێفی ئێراندایە کاروانێکی سەربازیی گەورەیان لە دیمەشقی پایتەختەوە ڕەوانەی پارێزگای درعا کردووە و لەگەڵ کاروانەکدا ژمارەیەکی زۆر تۆپ، تانک، جبەخانە و لۆجستیکی شەڕ هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی سوری، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی کوشتنی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان فیرقەی چواری سەر بە ئێران و فیرقەی پێنجی سەر بە ڕوسیا بەشێوەیەکی زۆر تەشەنەی سەندوە و شیمانەی شەڕ و پێکدادان دەکرێت لەنێوان ئەم دوو فیرقەیەدا.
جێگای باسە، کە ماوەیەکە ئاڵۆزیی لەنێوان چەکدارانی سەر بە ئێران و چەکدارانی سەر بە ڕوسیا لەناو سوپای سوریادا لە درعا زیادیان کردوە.
ش.ف