دوێنێ چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوو کەسیان لە دانیشتوانی گوندی ئەنقلەی سەر بە عەفرینی داگیرکراو ڕفاند، لە ١٠ ڕۆژی ڕابرووشدا نزیکەی ٢٨ کەس بێسەروشوێن کراون.
ئاژانسی هاوار بڵاویکردووەتەوە، لەناوەندی شارۆچکەی شیە، چەتەکان بە جلوبەرگی پۆلیسەوە دوو کەسەکەیان بەناوەکانی ئیبراهیم حسێن تەمەن ٣٢ ساڵ و دەلیل ڕەشید تەمەن ٢٨ ساڵ بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەوەش لە کاتێکدایە چەتەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی شارۆچکەی ڕاجویان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆردا ئازاد کرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لە عەفرین بڵاویکردەوە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٨ کەس لە عەفرینی داگیرکراودا ڕفێنراون و بێسەروشوێنکراون کە ١١یان ژنن.
ئیبراهیم شیخۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاندووە، چەتەکانی سەر بە هەمزات ژنێکیان بەناوی عائیشە محەمەد لە پارێزگای حومس کوشتووە.

لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوە لە لایەن تورکیا و چەتەکانیەوە، بەردەوام خەڵکی دەڕفێنرێت و لە بەرامبەر بڕەپارەیەکی زۆردا ئازاد دەکرێن یان دەکوژرێن، هەروەها سەروماڵی هاوڵاتیانیش بە بەردەوامی تاڵان دەکرێ و خەڵکە رەسەنەکەی ناچار دەکرێت شارەکە جێبهێڵن.
لەساڵى ٢٠١٦دا دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی هێرشی داگیرکاری قەڵغانى فوراتدا عەفرینی داگیر کرد و بە هەزاران کەسی ئاوارە و دەربەدەر کرد.
ی. ک