لە هەفتەی ڕابردوودا، هێرشی چەتەکانی داعش دژی هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە بیابانەکانی حومس زیادیان کردووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ٤٨ سەربازی ڕژێمی سوریا کوژراون.
ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بۆ پاککردنەوەی بیابانەکانی سوریایان لە دەوروبەری حومس و سێ گۆشەی (حەلەب- حەما- ڕەقا) بەردەوامە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بە ئامنجی سنووردارکردنی هێرشی چەتەکانی داعش، بەسەر بیابانەکانی سوریاوە دەسووڕێنەوە و ڕۆژانە دەیانکەنە ئامانج.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە، چەتەکانی داعش، پێگە و خاڵەکانی هیزەکانی ڕژێمی سوریا لە ناوچە جیاوازەکانی بیابانەکانی سوریا دەکەنە ئامانج.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هاوار، لە ئەنجامی هێرشەکانی چەتەکانی داعش، لەم ماوەیەدا، ٤٨ سەربازی ڕژێمی سوریا کوژراون و پەیوەندیی نزیکەی ٥٠ سەرباز لەگەڵ یەکینەکانی خۆیاندا براوە.
ب.ک