ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی بواری سیاسی- کۆمەڵایەتی، حاڵەتەکانی توندوتیژی لە ١ی ئەیلول تا ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی لە تورکیا ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکەش ٧٥ ژن کوژراون و یاساکانیش بۆ پاراستنی ژنان بە ‘ناتەواو’ ناوبراوە، هاوکات چەندین خۆپیشاندانیش لە دژی توندوتیژی سەر ژنان لە تورکیا ئەنجامدرا.
ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی بواری سیاسی- کۆمەڵایەتی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ئاماری توندوتیژییەکان دژ بە ژنان لە تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، توندوتیژی دژ بەژنان لەتورکیا زۆر کەمیان لەڕاگەیاندنەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ناوەندەکە باسیلەوەش کردووە، یاساکانی ئێستا بۆ پاراستنی ژنان ‘ناتەواون’ و دەڵێت: لە نێوان ١ی ئەیلول و ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ، ٧٥ ژن کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە، مردنی ٤٢ ژن بە گومان تۆمارکراوە، کە دیار نییە لەلایەن کێوە کوژراون، هاوکات ١١٣ ژنی دیکەش تووشی توندوتیژی بوون و بریندار بوون، هەروەها هەواڵی گێچەڵی سێکسی کە ٢٨ منداڵی تێدابوو لەڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کراوەتەوە.
“ژنان لە لایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون کە نزیکن لێیانەوە”
ناوەندی لێکۆڵینەوەی بواری سیاسی-کۆمەڵایەتی ئاشکراشیکردووە، ‘لەسەدا ٣٩.٢ی ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، لەسەدا ١٤.٩ لەلایەن خۆشەویستەکەیانەوە، لەسەدا ٦.٨ لەلایەن باوکیانەوە، لەسەدا ٦.٨ لەلایەن هاوسەری پێشوویانەوە و لەسەدا ٨ لەلایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون’.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە، لەسەدا ٢٢ی ئەوانەی دەستدرێژی سێکسیان لەسەر کراوە خزمەتکاری گشتین، ئیستەنبوڵ یەکەم شوێنە لە کوشتنەکانی ژناندا، لە کاتێکدا غازی ئەنتاپ، ئەنتالیا، ئایدین و ئەنقەرەش لە لیستەکەدا ناویان هاتووە.
دوێنێ ٢٥ی نۆڤەمبەر، دژی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و دەستدرێژی و توندوتیژی سەر ژنان، لە چەندین شاری باکوری کوردستان و تورکیا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لە هەریەک لە شارەکانی ئامەد، وان، ئزمیر باتمان و ئەستەمبۆڵ ژنان هاتنە سەر شەقامەکان و سەرەڕای ئەوەی دەسەڵات ویستی ڕێگری لە خۆپیشاندانەکان بکات، بەڵام ژنان ئاستەنگییەکانیان تێپەڕاند و خۆپیشاندانەکانیان تا درەنگانی شەو بەردەوام کرد.
لەناو خۆپیشاندانەکاندا، وێنەی ئەو پیاوانەی کە ژنیان کوشتووە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنان، بە نوسراوی ‘کوژەر، و دەستدرێژیکار’ بەرزکرابوونەوە و وێنەی دەنیز پۆیرازیش ئەندامی هەدەپە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە تیرۆر کرا بەرزیان کردبووەوە.
هاوکات دروشمەکانی’ژن، ژیان ، ئازادی’، ‘سەرهەڵدانی ئێمە لە دژی پیاو و دەوڵەت گەورە دەبێت’، ‘کات کاتی ئازادی ژنە’ وترانەوە و پانکارتی، ‘ئێمە بێدەنگ نابین، ناترسین،’ بەرزکرابوونەوە.
ب.ب