لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار واژۆیان کۆ کردووەتەوە بۆ بانگهێشکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیر و بەرپرسێکی هەرێم و بەغدا، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەسەر بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێم و تورکیا لەبواری نەوتدا.
ئەو پەرلەمانتارانە، لە داواکارییەکەیاندا داوا لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، کە بانگهێشتی هەریەکە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوبەری کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی پرسی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.
پەرلەمانتارەکان هۆکاری داواکارییەکەیان بۆ ناشەفافی لە بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕنەوە، هەروها ناڕوونی لە بڕی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان دەیدات بە کۆمپانیای سۆمۆ، دەشڵێن پێویستیان بە زانیاریی هەیە لە بارەی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بواری نەوت و وزەدا، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە تورکیا هەتا ئێستا دان بە هەرێمی کوردستاندا نانێت وەک هەرێمێکی سەربەخۆی عێراق چۆن ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ ئەنجام دەدات.
د.ع